بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆ: 5 هەزار چەك لەناوبراون

12/02/2019

 

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: پێنج هەزار چەك لەنێو بران، كە زۆربەی چەكەكان دەمانچە و كلاشینكۆفن‌.
سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "رۆژی سێ شەممە نزیكەی پێنج هەزار چەكمان لەنێو بردووە، كە ئەو چەكانە‌ پێشتر كۆمان كردبوونەوە. ئەو چەكانەی دەستیشیان بەسەردا دەگیرێت، كۆ دەكرێنەوە و لە لایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و لەنێو دەبردرێن".
ناوبراو ڕایشیگەیاند، ئەو چەكانەی لەنێویان بردوون هەموو جۆرە چەكێكیان تێدا بووە و، زۆربەی دەمانچە، كلاشینكۆف و چەكی ڕاو بووە و دەشڵێ: "لیژنەكان پێك هێنراون و پۆلیس و ئاسایش شوێنەكان دەستنیشان دەكەن بۆ دامالینی چەكەكان."
جێی باسە پێشتر وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داماڵینی چەكی لە هەرێمی كوردستاندا دەركرد و لە حەوت خاڵی بڕیارەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كرا بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری، بەتایبەت چەكی قورس و مامناوەند و هێشتنەوەی ئەو چەكانە تەنیا لە دەست هێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، رێكاری پێویست دەگرنەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group