حكومەتی عیراق مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانە كردووە؟

12/02/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی رەوانەكردنی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رونكردنەوە دەدات و ئەوەش دەڵێت: "ئەوەندە پارە دێتە هەرێمی كوردستان دەتوانرێت لەماوەی دووساڵدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانیش بدرێتەوە".
جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆی نەوا رایگەیاند، "ناتوانین بڵێن ئەمڕۆ یان پێشتر پارە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە چونكە لە دوو رۆژی پێشوو یاسای بودجە لە وەقائع بڵاوكرایەوەو بۆ ئەوەش پێویستە هەندێك رێوشوێنی یاسایی هەیە كۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەوچوارچێوەیە نییەو پێویستە بەهەمان شێوەی فەرمانبەرانی عیراق مانگانە مووچەی فەرمانبەران رەوانە كرابێت، كە نزیكەی 650 ملیار دینارەو جیاوازە لە بودجەو پەسەند كردنی"، ئەوەشی وت: "خۆ ئەگەر ئەو پارەیە رەوانە نەكرابێت پێویستە پەرلەمانتاران ئاگادار بكەنەوە تاوەكو لێپرسینەوە لەحكومەتی عیراق بكرێت و هۆكاری نەناردنی پارەكە چییە، ئاشكرابكرێت".
سەبارەت بە مانەوەو بەردەوامی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەوەی باس دەكرێت حكومەتی عیراق لەوكاتە ناردنی مووچە رادەگرێت، جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆی نەوا ئاشكرایكرد، "حكومەتی هەرێم، پپێشتر هەریەك لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراقی ئاگادار كردووەتەوە لەوەی ئەگەر مانگانە 600 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكرێت دەتوانرێت پاشەكەوتی مووچە لاببرێت، بەڵام ئێستا 650 ملیار رەوانە دەكرێت، دەتوانرێت بوترێت خۆ ئەگەر بندیواریش هەبێت ئەوەندە مووچە دێتە هەرێم بەشی هەمووان دەكات، ئەگەر كاری جدی بكرێت بۆ نەهێشتنی دوو مووچەو لابردنی ئەو كەسانەی فەرمانبەرنین و مووچە وەردەگرن و سیستەمی بایۆمەتری مووچە بكرێتە كارتی زیرەك تەنها مووچە بدرێتە ئەو كەسانەی فەرمانبەری حكومەتن، ئەوەندە پارە دەگەڕێتەوە كە دەتوانرێت لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم مووچە پاشەكەوتكراوەكانیش بدرێتە فەرمانبەران".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group