شارێكی مێژوویی لە هەڵەبجە بەرەو لەناوچوون دەڕوات

12/02/2019

 

گوندی بەكراوا كە بەدووری سێ كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ھەڵەبجە شوێنەوارێكی مێژوویی و دڵڕفێن و سەرسەوز لە بناری گردێكی مێژوویی كە بە ناوچەی شوێنەواری دەوردراوە.
 شوێنەوارێكی پێنج هەزار ساڵی كە بە تەلبەندێكی یەك مەتری دەوردراوە لە لیواری لە ناوچووندایە.
پارێزگای هەڵەبجە بێبەش نەبووە لە بوونی شوێنەواری دێرین هەر بۆیە لە ناوچەكەدا لەئێستادا نزیكەی 150 ناوچەی شوێنەواری تۆماركراوە كە گرنگترین و كۆنترینیان شوێنەواری گوندی بەكراوایە كە بە كۆنترین شوێنەواری مێژوویی دەناسرێت لە ناوچەكەدا كە سەردەمەكەی دەگەرێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ بەرلە ئێستا كە بۆ چاخەكانی پێش مێژوو و ناوەندی مێژوویی بە چاخەكانی بەردینی نوێ و بڕۆنزی ناسراوە. لە سەردەمی ئەكەدی و بابلی كۆن و چاخی ئاسنین و سەردەمی عەباسیدا ژیانی تیادا بەردەوام بووە.
 شوێنەوارناس رێباز عبدلرەحمان لە لێدوانێكدا بو ئاژانسی ئانادۆل وتی: "گردی بەكراوا كە پاشماوەی شارێكی كۆنە تا ئێستا نەتواندراوە بەڵگەی پێویست دەست بكەوێت كە ئەو شارە لە ئەسڵدا ناوی چی بووە. ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 2016-2017 بە فەرمی لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە ناسێندراوە و دەست بە لێكوڵینەوە كراوە لە لایەن چەند تیمێكی بیانی بە ھاوكاری تیمی شوێنەوارناسانی ھەرێمی كوردستان و تواندراوە 600 پارچە شوێنەواری تیادا بدۆزرێتەوە كە پێكھاتبوون لە گۆزە و مۆر و ئامێری ئیشوكاری رۆژانە و ھەروەھا چەقۆ و سەرەڕمی برۆنزی و جامی برۆنزی و جلوبەرگ و چەندەھا كەرەستەی تر".
 
ئەو وتیشی: "شیوازی دروستكردنی خانووی ئەم شارە مێژووییە كە لە میانی لیكۆڵینەوەدا بەدیاركەوتوون شێوە ھێلكەییە كە لە بەشی سەرەوەی ئەم خانووانە دەرگای چوونەدەرەوە و ناوەوەی ھەبووە و ھەروەھا چەند پەیكەری ئێسقانی مرۆڤ و گیانلەبەران كە لەناو شوێنەواری بەكراوا دۆزراوەتەوە كە مێژووی ئەم شوێنە شوێنەوارییە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی پێش نووسین و چاخی بەردینی نوێ و ئەو پارچە شوێنەوارانە لەئیستادا لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی پارێزراون".
 رێباز عبدلرەحمان باسی لەوەشكرد كە بە ھۆی زۆری بوونی ناوچەی شوێنەواری لە ناوچەكەدا، شارەزوور بە دەشتی وڵاتی زاموا ناسراوە و ھەموو ئەم شوێنەوارانە لە لیستی شوێنەواری عێراق و ھەرێمی كوردستان تۆمار كراوە.
 رێباز عبدلرەحمان وتی: "دوابەدوای گوندی بەكراوا ناوچەیەكی تری شوێنەواری ھەیە كە ناسراوە بە بیستان سوور كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ كە دوای كنەوپشكنین زۆربەی پارچە شوێنەواركان كە بەدیكراون بۆ سەردەمەكانی پێش مێژوو دەگەڕێتەوە و ھەندێ لە پارچەكانی بریتین لە گۆزە كە لە بەرد دروستكراوبوون و چەندەھا كەرەستەی تر".
 لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی تێكچوون و رووخانی شوێنەوارەكانی كرد ناوبراو رایگەیاند "زۆرجار كەشوھەوا و باران بارینی بەردەوام دەبێتە ھۆكاری لەناوچوونی شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەكان، ھەروەھا نەبوونی ھۆشیاری تاك لەسەر شوێنەوارە میژووییەكان بۆتە ھۆی لەناوچوونیان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group