راكان جبوری كەسێك بۆ رایی كردنی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رادەسپێرێت

12/02/2019 عێراق

 

پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت  بە نوسراوێك جەمال مەولود باپیری ڕاسپاردووە بە ڕاییكردنی كارەكانی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت.
رۆژی سێ شەممە ڕاكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت نوسراوێكی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای كەركوك كردووە، بە ڕاسپاردنی جەمال مەولود باپیر بۆ ڕاییكردنی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا لە جێگەی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا.
بەگوێرەی نوسراوەكەی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، لەبەرئەوەی ڕێبوار فایەق تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت، بە بڕیارێكی دادگا تۆمەتباركراوە و ناتوانێت كارەكانی ڕایی بكات، لەمەودوا جەمال مەولود باپیر جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك سەرجەم كارە دارایی و ئیدارییەكان ڕێكدەخات.
پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت وێنەی نوسراوەكەی ئاراستەی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش كردووە.
ئەو نوسراوەی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لەكاتێكدایە، رۆژی سێ شەممە ڕێبوار تاڵەبانی بە نوسراوێك داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كردووە، لە ڕۆژی 18ی ئەم مانگەدا ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ببن بە مەبەستی تاوتوێكردنی ڕەوشی ئەمنی و ئیداری ئێستای كەركوك.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group