ئامادەكارییەكان بۆ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامن

12/02/2019

نەوا-كاروان مەحمود


سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ دانیشتنی رۆژی 18ی شوبات بەردەوامە و هیوادارین دەستەی سەرۆكایەتی لەو كۆبوونەوەیەدا یەكلایی بكرێتەوە".
ریڤینگ هروری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی كە وەك تەمەنترین پەرلەمانتار دیاریكراوە بۆ سەرۆكایەتی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "دوای ئەوەی لەكۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی 18ی شوباتی 2019 دیاریكرا بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، لەئێستادا كۆبوونەوە لەنێوان فراكسیۆنەكان دەكرێت بەمەبەستی ئامادەكاریكردن بۆ دانیشتنی رۆژی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان كە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاریدەكرێت، رۆژی 14ی شوباتیش جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان جارێكی دیكە كۆدەبینەوەو بۆ هەمان مەبەست". 
ریڤینگ هروری دڵنیاییدا لەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكان لەئێستادا ئامادەیییان بۆ دانیشتنی رۆژی 18ی مانگ دەربڕیووە و وتیشی: "هیچ فراكسیۆنێك وادەی كۆبوونەوەكەی رەتنەكردووەتەوە".
سەبارەت بە دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و یەكلایی كردنەوەی لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، ریڤینگ هروری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی كە وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار دیاریكراوە بۆ سەرۆكایەتی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، هیوادارین سەرجەم كاندیدانی دەستەی سەرۆكایەتی دیاریبكرێت و لەدانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەوەشی وت: "فراكسیۆنی پارتی هێمن هەورامی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان دیاریكردووە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group