لەسەر دورخستنەوەی لە یەكێتی، د.نەجمەدین كەریم رونكردنەوە دەدات

16/02/2019

نەوا
لە بەرانبەر بڕیاری دورخستنەوەی لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، د.نەجمەدین كەریم ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارێزگاری پێشوی كەركوك ئەم رونكردنەوەیەی بڵاوكردوەتەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی

لەكاتێكدا وڵاتەكەمان و ناوچە دابڕاوەكان و كەركوك بەتایبەتی بە كەشێكی دژوار و سەخت تێدەپەرێت لەهەمان كاتدا بەشێك بەناو یەكێتی ئەم كارەساتەتان بەسەر نەتەوەكەمان و شارەكەمان هێنا لەبری لێكۆڵینەوە و داوای لێبوردن لە كەسوكاری شەهیدان و ئەندامانی یەكێتی و شاری كەركوك بكەن كەچی هێشتا بەكارە نامۆكانیان كە دوورە لە رەوشتی سیاسی و رەوشتی بەرزی هەڤاڵ مام جەلال بەردەوامن لە پیلانەكانیان بۆیە بەگرنگی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بۆ رای گشتی و شاری كەركوكی خۆڕاگر رابگەیەنین:
1-بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماددەی 32 كارودەسەڵاتەكانی كۆمیتەی سەركردایەتی دیاری كردووە كە پێك هاتووە لە (8) بڕگە، بە هیچ جۆرێك دەسەڵاتی لادان و دانان و دەركردنی ئەندامانی سەركردایەتی-یان نییە.
2-لە ماددەی (35)ی پەیڕەوی ناوخۆ بە روونی دیاری كراوە كە بە كۆی 3/2 دەنگی ئەندامەكانی دەسەڵاتی هەڵپەساردن یاخود سڕكردنیان هەیە واتا بەهیچ جۆرێك توانای لادان و دەركردن و زیادكردنیان نییە.
3-لە ماددەی (11)ی پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی داوەتە مەڵبەندەكان كە توانای دەركردنی ئەندامەكانی هەبێت ئەوەش بەوجۆرەی دیاری كراوە (سەرنج راكێشان، هەڵپەساردن، پلە داگرتن، دەركردن) واتا لێرەش بەپێی پەیڕەو ئەندامەكانی حزب لە سنووری چالاكی مەڵبەندەكان دەگرێتەوە نەك سەركردایەتی.
4-مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە دوای كۆنگرەی 3 پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆیان كردووە بە زیادكردنی كە بەپێی پەیڕەو لە ماددەی (36) دەبێت ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە (9-11) كەس بێت، بەڵام زیادكرا بە (16) كەس ئەوانەش هەریەكە لە (سەعدی پیرە و ئازاد جوندیانی و شۆڕش ئیسماعیل و رزگار عەلی و ئاسۆ مامەند) بوون كە لە كۆنگرە دەنگیان بەدەست نەهێناو دواتر كران بە مەكتەب سیاسی.
5-ئێمە لە (15-7-2018) بە شێوەیەكی فەرمی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی خۆمان داوەتە دەست بەڕێز كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیە هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەشمان روونكردۆتەوە، كە كات و ساتی خۆی هات شتی زۆرتر هەیە دەیخەینەڕو.

لێرەدا رایدەگەیەنین ئەم رەفتارانە هیچ لە ئێمە ناگۆڕێت، بەڵكو زیاتر و زیاتر بەردەوامان ئەكات لەكارەكانمان بۆ بەرژەوەندی شاری كەركوك و سەرجەم ناوچەدابراوەكان.
هاوپێج وێنەیەك لە نامەی دەست لەكاركێشانەوەمان .


نوسینگەی تایبەتی 
دكتۆر نەجمەدین كەریم
16-2-2019

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group