هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەك سەبارەت بە هاووڵاتیانی بیانی بڵاودەكاتەوە

17/02/2019

نەوا


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر خاوەن كار و كۆمپانیا و كۆگاكان ئاگاداردەكاتەوە لەوەی هاووڵاتیانی بیانی بۆیان نییە شۆفێری بكەن، چونكە پێچەوانەی یاسایە و سەرپێچیكار سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەراگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی یاسای هاتوچۆی عیراق، هەركەسێك عیراقی نەبێت قەدەغەیە ئۆتۆمبێلی كرێ یاخود بارهەڵگر یان ماتۆڕسكیل لێبخوڕێت و تەنها بۆی هەیە ئۆتۆمبێلی تایبەت لێبخوڕێت ئەویش ئەگەر بەشێوەیەكی یاسایی لە عیراقدا بێت و لە نشینگە پشتگیری كرابێت، هەروەك لە تاقیكردنەوەكانی شۆفێریش دەرچوبێت.
بۆ ئەو مەبەستەش خاوەن كار و كۆمپانیا و كۆگاكان ئاگاداركراونەتەوە، كە ئێستا كار بە كرێكاری بیانی دەكەن یاخود هاووڵاتیانی عیراقی نین، ئیتر رێگایان پێنەدەن ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تاكسی لێبخوڕن، كە ئێستا دیاردەكە زۆر بەربڵاوبووە بە بیانووی هەرزانی دەستی كاری بیانی بۆ شۆفێری.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رونیشیكردوەتەوە، هەر كەسێك دەستگیر بكرێت و مۆڵەتی لێخوڕینی نەبێت یان مۆڵەتی تایبەتی هەبێت و ئۆتۆمبێلی كرێ یان بارهەڵگر لێبخوڕێت توشی دادگاییكردن دەبێتەوە و بەند دەكرێت بۆ ماوەیەك كە كەمتر نەبێت لە مانگێك و زیاتریش نەبێت لە شەش مانگ یان بە غەرامەكردنی، یاخود سەپاندنی هەردوو سزاكە لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group