داوا دەكرێت پارێزگایەكی رۆژهەلاتی كوردستان بكرێتە سەكۆی هەناردە بۆ عیراق

17/02/2019 جیهان

نەوا


عەبدولناسڕ هیممەتی پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێرانی داوادەكات پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێتە سەكۆی هەناردەكردنی كاڵاكانی وڵاتەكەی بۆ عیراق.
هیممەتی لەكۆبوونەوەیەكدا پلانێكی بۆ ئابوری لە پارێزگای كوردستان "سنە" ئاشكراكردوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئێران لەشەڕێكی ئابوریدایە سەرەڕای ئەوەش یەدەگی دراوی بیانی لەبارودۆخێكی باش و گونجاودایە.
وتیشی "پرۆژەكانی بنیادنان، كە لەپارێزگاكان و پارێزگای كوردستانیش ئەنجام دەدرێن، هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نەبوە".
هەروەها پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێرانی رونیكردوەتەوە، پێویستە پارێزگای كوردستان بكرێتە سەكۆیەك بۆ هەناردەكردن بۆ كوردستانی عیراق، لەگەڵ ئەوەی ئێران پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ عیراقدا هەیە، بەرپرسانی وڵاتەكەش بەڵێنیان داوە ئاسانكاری بۆ هەناردەی كاڵاكانی ئێران بكەن.
عەبدولناسر هیممەتی ئاشكراشیكردوە، هەناردەی ئێران بۆ عیراق ساڵانە 12 ملیار دۆلارە و بەرزتر دەبێتەوە بۆ 20 ملیار دۆلار، سەرەڕای تواناكانی پارێزگای كوردستان پێویستە بەرپرسان هەوڵی ئەوەش بدەن ئەو پارێزگایە بكەنە سەكۆیەكی هەناردەكردن بۆ عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group