كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكرێت؟

17/02/2019

نەوا-كاروان مەحمود


جەمال مەولود باپیر راسپێردراو بۆ راییكردنی كارە ئیداریەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رەتیدەكاتەوە بەشداریكردنی كۆبوونەوەی رۆژی 18 ی شوباتی ئەنجومەنەكە بكات. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش لە پشكی یەكێتی دەڵێت: "ئاگادار نەكراوینەتەوە بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك".
دوای ئەوەی رۆژی 12ی شوبات رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە نوسراوێك داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كرد، رۆژی 18ی شوبات ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاببن بە مەبەستی تاوتوێكردنی رەوشی ئەمنی و ئیداری ئێستای شاری كەركوك.
لەوبارەیەوە جەمال مەلود باپیر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە هاوكات بۆ بەڕێوەبردنی كارە ئیدارییەكانی پارێزگاكە راسپێردراوە لەجێگەی رێبوار تاڵەبانی بۆ رادیۆ نەوا وتی: "كۆبوونەوەكە لە هەولێر دەكرێت و ژمارەیەكی كەمی ئەندامانی ئەنجومەنی بەشداریدەكەن، هیچ شتێك لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە بەفەرمی بە دەستی ئێمە نەگەیشتووەو ئەگەر كۆبوونەوەش دەكرێت با لەكەركوك كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت بۆ لەهەولێر دەكرێت؟".
لەلایەكی دیكەوە ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، تائێستا بەفەرمی لە كۆبوونەوەكە ئاگادار نەكراوینەتەوە، چاوەڕوانی كۆبوونەوەكانیش دەكەین لەوبارەیەوەو ئەگەر ئانجامی هەبێت بەشدار دەبین، بەڵام بۆ لەهەولێر كۆبوونەوەكە بكرێت، هیچ پەیوەندییەكی نییەو عەرەب و توركمانەكان ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە نابن و دەبێتە كۆبوونەوەی لیستی برایەتی، تائێستاش نە بەرنامەیەك هەیە نە باسێكی دیاریكراو هەیە، لەسەر چی كۆبوونەوەكە بكرێت؟".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group