كۆمەڵ: تا ئێستا بۆ بەشداری لە حكومەت گفتوگۆی وردمان لەگەڵ نەكراوە

17/02/2019

 

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، وتەبێژی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی رایگەیاند، دەیانەوێ گفتوگۆی‌ وردتر لەسەر پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ داهاتووی‌ كوردستان بكەن و هێشتا خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە.
رێبوار حەمەد، وتەبێژی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانی‌ رایگەیاند، كۆبوونەوەی‌ نێوان گۆڕان و كۆمەڵ ئاسایی بووە و تایبەت بووە بە تاوتوێكردنی‌ پرسەكانی ئێستای‌ هەرێمی‌ كوردستان.
وتەبێژەكەی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ وتیشی‌، "هێشتا كۆمەڵ یەكلا نەبووەتەوە لەسەر چۆنییەتی‌ بەشداری‌ لە كۆبوونەوەكەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان".
لەبارەی‌ بڕیاردان لەسەر بەشداری‌ كردنیان لە كابینەی‌ داهاتووی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەرپرسەكەی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ داوای‌ كرد كە گفتوگۆی‌ ورد لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ كۆمەڵ بكرێت و وتی‌، "تا گفتوگۆی‌ ورد لەسەر پێكهێنانی‌ حكومەت لەگەڵ كۆمەڵ نەكرێت بڕیاری‌ چوونە ناو حكومەتی‌ داهاتووی‌ كوردستان نادەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group