زەریف: مەترسی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئارادایە

17/02/2019 جیهان

 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، مەترسی بەریەككەوتن و هاتنە ئارای جەنگ لە نێوان وڵاتەكەی و ئیسرائیل لە هەڵكشاندایە.
رۆژی یەكشەممە لە میانی وتەیەك لە كۆنفرانسی میونشن، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت بەهێزتر دەبێت و ئیسرائیلیشی بە شەڕانگێزی تۆمەتبار كرد.
لەبارەی ئەگەری پێكدادان لە نێوان ئێران و ئیسرائیلیش وتی: ئەگەر تەلەئڤیڤ بەردەوام بێت لە پێشێلكردنی یاسا و رێسا كارپێكراوە نێودەوڵەتیەكان بەردەوام مەترسی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە زیاتر دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەربارەی ئەو رەخنانەی وڵاتانی رۆژئاوایی ئاراستەی وڵاتەكەی دەكەن، بە هۆی پەرەپێدان بە بەرنامە موشەكیەكەی، وتی: "هیچ وڵاتێك چەك و فڕۆكەی شەڕكەرمان پێنافرۆشێت، ئەگەر هێرشمان بكرێتەسەر خۆ بە شمشێر بەرگری لە خۆمان ناكەین".
جێی باسە لە ساڵانی رابردوودا دەیان جار بنكەكانی سوپای پاسداران لە سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە كراونەتە ئامانج و لە كاردانەوەی ئەو هێرشانەش بەرپرسانی سەربازی تاران هۆشداری دەدەن لەهەڵگیرسانی شەڕ و دەڵێن: هەر جەنگێك رووبدات، ئەنجامەكەی لەناوچوونی ئیسرائیل و سڕینەوەی لە سەر نەخشەی سیاسی جیهان دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group