سێ دەستگیركراوی تری خۆپیشاندانەكانی بادینان ئازاد كران

17/02/2019

نەوا- محەمەد حەسەن

سەرپەرشتیاری تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش لە دهۆك باس لەوەدەكات سێ دەستگیركراوی تری خۆپیشاندانەكانی بادینان بە كەفالەت ئازاد كراون و سەبارەت بە چارەنوسی  شێروان شێروانی چالاكوانی مەدەنیش دەڵێت: بەهۆی ئەوەی سكاڵایەكی تری لەسەر تۆمار كراوە ئازاد نەكراوە، باس لەوەشدەكات  دواجار دەستگیركراوان بە مادەی 156 ی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی ناكرێن.
لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا خەتاب عومەر سەرپەرشتیاری تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش لە دهۆك رایگەیاند: رۆژی یەكشەممە سێ دەستگیركراوی تر بە كەفالەت ئازادكراون، ئەوانیش "بەدەل بەرواری ، سەباح ئەتروشی‌ و ئەیاز كەرەم"ن كە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گردبوونەوە لە دهۆك بەندكرابوون و پەیوەندیان بە خۆپیشاندانەكانی شێلادزێوە نەبووە.
وتیشی، سێ كەسی تر بە هۆی هەوڵدان بۆ گردبوونەوە لە دهۆك دەستگیركراون، كە تا ئێستا سێ كەسیان ئازادنەكراون ئەوانیش هەر یەك لە شێروان شێروانی، كازم شوكری و رێكان رەشیدن.
چەند رۆژێكە باس لە گواستنەوەی شێروان شێروانی بۆ شوێنێكی نادیار دەكرێت، لەو بارەوە خەتاب عومەر وتی: لە ئێستادا چارەنوسی دیارە و لە ئاسایشی گشتیە و دۆسیەیەكی تری لەسەر كراوەتەوە.
بەوتەی ئەو پارێزەرە 13 دەستگیركراوی تر رەوانەی دادگای دێرەلوك كراون و وەك پارێزەرانی خۆبەخش هەم لە دێرەلۆك و هەم لە دهۆك بەردەوامن لەسەر كاركردن لە دۆسیەكە.
دەستگیركراوانی بادینان بە پێی مادەی 156 ی یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە، ئەمەش بەوتەی چالاكوانان و یاساناسان، مادەیەكە كە نەگونجاوە لەگەڵ دۆسیەكە و تەنانەت لە بەغداش كاری پێناكرێت، لەبارەی ئەوەی كە ئایا تا ئێستا هەر بەو مادەیە لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوان دەكرێت یان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، خەتاب عومەر سەرپەرشیاری تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش لە دهۆك، وتی: تا ئێستا مادەكە نەگۆڕاوە، بەڵام ئەوە پرسێكی گرنگ نییە كە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا بە چ مادەیەك ئاسایش و هێزە ئەمنیەكان لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوان دەكەن، بەڵكوو ئەمە دادگای تایبەتمەندە كە دواجار مادەكە دیاری دەكات.
جەختیشی كردەوە، كە ئەو پرسە هێندە گرنگ نییە بەلایانانەوە، كە ئاسایش بە چ مادەیەك لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكات، چوونكە دواجار مادەیە جێبەجێ ناكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group