بەرپرسێكی پارتی: ئەمەریكا و ھەرێم و بەغدا ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە دەبەن

17/02/2019

 

بەرپرسێكی پارتی دەڵێ، هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری عێراق بەردەوامن، بەڵام نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی و پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە خانەقینەوە تا شنگال ئاسایی دەكرێتەوە، واتە هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و هەماهەنگی لە نێوان سوپا و پێشمەرگەدا دەبێت، بێگومان چەند بنكەیەكی ئەمەریكایش لەو سنوورانە جێگیر كراون".
رونیشیكردەوە: "پاراستنی ئەو ناوچانە سێلایەنە دەبێت، وەك بەر لە ساڵی 2014 چونكە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق هەماهەنگی هەبوو لە نێوان پێشمەرگە و ئەمەریكا و عێراق، بۆیە دیسان ئەو هەماهەنگییە دروست دەبێتەوە و نابێت لەو سنوورانەدا هیچ هێزێك بە بێ ئاگاداری و هەماهەنگی، جووڵە بكات".
بەپێی دەستووری عێراق، ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكان و مەلەفی ئەمنی لەلایەن ھەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت، تا ئەو كاتەی مادەی 140 جێبەجێ دەكرێت، دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دانوستانەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامییان ھەیە تا دەگەینە رێككەوتنی كۆتایی، لەگەڵ دەستپێكردنی چەند ھەنگاوێكی كردەیی، كە ھێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group