چالاكوانانی كورد دەیانەوێت پرسی كوشتاری كۆڵبەران ببەنە ناوەندێكی نەتەوەیەكگرتوەكان

19/02/2019 جیهان

نەوا- محەمەد حەسەن
بەمەبەستی خستنەڕووی پرسی كوشتاری كۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان، ژمارەیەك كەسایەتی و چالاكوانی كورد نامەیەك ئاراستەی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران دەكەن.
لە نامەیەكی كراوەدا كە چالاكوانان و یاساناسانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاراستەی جاوید رەحمان، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران كراوە، ئاماژە بە بەردەوامی كوژران و برینداربوونی كۆڵبەرانی كورد كراوە و داوا لە ناوبراو كراوە كە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكان، كە تیایدا بەرپرسانی ئێرانیش بەشدارن، پرسی كۆڵبەرانی كورد و پێشێلكردنی مافەكانیان بخرێتە بەرنامەی كارەوە.
لەو بارەوە، حسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەر و یەك لە ئامادەكاری نامەكە، دەربارەی گرنگی خستنەڕووی پرسی كۆڵبەران لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكان بە رادیۆ نەوای راگەیاند: پرسی كوشتاری كۆڵبەران پەڵەیەكی تری رەشە بە كارنامەی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئێران لەسەر ئاستێكی باڵا بەشداری لەو كۆبوونەوەیە دەكات و هەر یەك لە وەزیری دەرەوە و یاریدەدەرێكی سەرۆكی ئێران ئامادەی كۆبوونەوەكەدەبن، ئێمە دەمانەوێت جاوید رەحمان بە بەڵگەوە باس لە پرسی كوشتاری كۆڵبەران و پێشێلكردنی مافەكانیان بكات.
ئەو پارێزەرە هیواشی خواست ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران ناچار بكرێت بەرامبەر بە چارەنوسی كۆڵبەران هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و قەرەبووی ئەو كۆڵبەرانە بكاتەوە كە زیانیان بەركەوتووە.
هەر لە بارەی قەرەبووكردنەوەی كۆڵبەرانەوە كە بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە دەكوژرێن یان بریندار و كەمئەندام دەبن، پارێزەر حسێن ئەحمەدی نیاز وتی: بەپێی یاسا پێویستە حكومەتی ئێران قەرەبووی ئەو كەسانە بكاتە، بەڵام خۆم پارێزەری چەندین كۆڵبەر بووم و زۆر هەوڵمان داوە كۆڵبەرانی قوربانی قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام رەنگە لە هەزار قوربانیدا، دوانیشیان قەرەبوو نەكرابنەوە.
165-حسێن ئەحمەدی نیاز
جێی باسە بەپێی ئامارەكان ساڵی رابردوو زیاتر لە 70 كۆڵبەر لەسەر سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و دوو هێندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون، كە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران پێكراون.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group