مامۆستایانی ناڕازی رەخنە لە پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەستۆپاكی دەگرن

19/02/2019

 

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رەخنە لە فۆڕمی ئەستۆپاكی دەگرێت، كە بڕیاری لەسەردراوە سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەت واژۆی بكەن و داواش دەكات دەستەی دەستپاكی هەرێم لە بری ئەوە كار لەسەر دۆسیەی گەندەڵی بكەن.
لە رونكردنەوەیەكدا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی و دەوروبەری لە بارەی فۆڕمی ئەستۆ پاكی هاتووە: وەرگرتنی بەڵێنامە لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەو شێوەیە پێچەوانەی حیكمەت و حوكمەكانی مادەی (3 و 5)  یاسای ژمارە ( 4 ) ساڵی (1999) پەرلەمانی كورستانە.
لە بڕگەیەكی تری تێبینیەكانی مامۆستایانی ناڕازیدا هاتووە: دەستەی دەستپاكی چۆن داوای واژوو لەسەر فۆڕمێك دەكات، لە كاتێكدا ڕێنمایی و پاشكۆی فۆڕمە ناگەیەنێت بەمامۆستایان و فەرمانبەران وە مامۆستایان و فەرمانبەران نازانن ڕێنمایی ژمارە (1) ساڵی (2016) چی تیانوسراوە كە داوایان لێ دەكرێت پابەند بن پێوەی .
لە كۆتاییشدا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەستۆپاكی بە مامۆستایان و فەرمانبەران بە كارێكی "لاوەكی و زیادە" ناوبردووە و داوای كردووە دەستەی دەستپاكی لە بری ئەوە  " كار لەسەر ئەو سەدان دۆسیەی گەندەڵیانە بكەن كە هەرێمیان تووشی قەیرانی دارایی و نەهامەتی كردووە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group