پارتی: نامانەوێت پارێزگارێكی بێ دەسەڵات بۆ كەركوك دابنرێت

19/02/2019

 

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەڵێت، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێت بۆ ئەوەی لەسەر پرسی ئەو پارێزگایە بگەنە ڕێككەوتن، بەڵام پارتی نایەوێت پارێزگارێكی بێدەسەڵات بۆ كەركووك دابنرێت.
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك _ گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە: "هۆكاری كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت پارێزگار دیاری بكرێت لەكاتێكدا خۆیان هۆكاری ئەوە بوون كە پارێزگار نەمینێت و پارێزگاریش ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەوان بووە، ئێستا جارێكی دیكە دەیانەوێت پارێزگارێكی دیكە دابنێن، لەكاتێكدا تا ئێستا نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووكە."
دیاری حوسێن وتیشی: "كێشەكە لەسەر شوێنی كۆبوونەوە نییە و لەسەر پارێزگارە و ئەگەر پارێزگاریش دابنرێت بەم دۆخەی ئێستا كە داگیر كراوە و دەسەڵاتی سەربازییە، هیچ دەسەڵاتێكی نابێت، بۆیە ئێستا پێویست بەوە ناكات پارێزگار دابنرێت تاوەكو دۆخی كەركووك ئاسایی دەكرێتەوە و هەركاتێك دۆخەكە ئاسایی بووەوە، ئەوكات دەكرێ پارێزگار دیاری بكرێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەشكرد: "ئێستا گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دەكرێت بۆ ئەوەی لەبارەی كێشەكانی نێوانیان بگەنە ڕێككەوتنێك، چونكە ئێستا هەركەسێك بكرێتە پارێزگار بەو دۆخەی ئێستای كەركووكەوە هیچ سودێكی نابێت و هیچ دەستەڵاتێكیشی نابێت، بۆیە چاوەڕێ دەبین بۆ ئەوەی لە گفتوگۆكاندا بگەنە ئەنجامێك."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group