" لەداهاتوودا دانیشتوانی هەڵەبجە بەبێ پاسپۆرت دەتوانن سەردانی كرماشان بكەن"

19/02/2019

 

پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند بەرپرسانی حكومی ئێران بەڵێنیان داوە بەم نزیكانە بڕیارێك دەربكەن بۆ ئەوەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە بەبێ پاسپۆرت سەردانی پارێزگای كرماشان بكەن و وەڵامەكەشیان بۆ كردنەوەی مەرزی سازان ئەرێنی بووە.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاندووە، "دوای‌ ئەوەی بەسەردانێكی فەرمی بانگهێشتی پارێزگای كرماشان لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرابووین، چەند كۆبونەوەیەكی گرنگمان لەگەڵ پارێزگاری كرماشان و بەرپرسانی دیكەی ئەو پارێزگایە ئەنجامدا، باسمان لە بوارەكانی گەشتیاری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی كردووە و دواجار توانیمان رەزامەندی زارەكی لایەنی ئێرانی وەربگرین كە لەمەودوا دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە بەبێ پاسپۆرت بتوانن سەردانی پارێزگای كرماشان بكەن."
ئاماژەی بەوەشكرد، بەرپرسانی پارێزگای كرماشان پێیان ڕاگەیاندون دوای گفتوگۆی خۆیان لە ماوەی دوو هەفتەی دیكەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت.
سەبارەت بە مەرزەكانی سنوری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند "ئێمە بە جدی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای كرماشان گفتوگۆمان كردوە لەو بارەیەوە و بەڵێنیان پێداوین بەم نزیكانە مەرزی سازان بكرێتەوە و بەرپرسانی ناوچەكە پێیان ڕاگەیاندوین بەم نزیكانە شاندێكی پارێزگای كرماشان سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەكەن."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group