كۆمسیۆن كۆتا وادەی بۆ بڕیاردان لە كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاریكرد

20/02/2019 عێراق

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق ڕایگەیاند، تا كۆتایی ئەم مانگە چاوەڕێی وەڵامی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەكەن لە بارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند: پێشتر بە نووسراوی فەرمی حكومەتی عێراقیان ئاگادار كردەوە كە ئامادەن لە 16ی تشرینی دووەمی 2019 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەببەن، بەڵام تائێستا حكومەتی عێراق وەڵامی نوسراوەكەیانی نەداوەتەوە.
وتیشی: وادەی 28ی ئەم مانگەیان بۆ عادل عەبدولمەهدی داناوە بۆ وەڵامدانەوەی نوسراوەكەیان، ئەگەر لەدوای ئەو بەروارەوە وەڵامیان بەدەست نەگات ئەوا بڕیارێكی دیكە دەدەن بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق ڕوونیشیكردەوە، نوێكردنەوەی گرێبەستی كارمەندانی كۆمسیۆن هەموو پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە كە بۆ هەر بنكەیەك شەش گرێبەست نوێدەكرێتەوە جگە لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك. لەو سێ پارێزگایە بۆ هەر بنكەیەكی دەنگدان تەنها گرێبەستی سێ كەس بۆ تەواوكردنی كاروباری كارتی دەنگدانی هاووڵاتییان نوێدەكەنەوە، چونكە دەبێ هەموو دەنگدەرێكی عێراق خاوەنی كارتی دەنگدان بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group