داوای بەدواداچوونی دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكرێت

20/02/2019

نەوا-كاروان مەحمود


ئەندامێكی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق مەترسی لەسەر چەند ناوچەیەك ئاشكرا دەكات و ئەوەش دەڵێت: "پێویستە بە هەماهەنگی نێوان لیژنەكانی ئاسایش و بەرگری و هەرێم و پارێزگاكان سەردانی ئەو ناوچانە بكرێت و بەدواداچوون لەبارەی كێشە ئەمنییەكان بكرێت".
حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "بەداخەوە رۆژانە چەندین حاڵەتی نەخوازارو دەبیستن لەو ناوچانەی بەكێشە لەسەر ناودەبرێن لەنێوان هەرێم و بەغدا، حاڵەكاتەكانی كوشتن و رفاندنی هاووڵاتی مەدەنی روو لەزیادبوون دەكەن، دەنگۆی دووبارەی خۆ رێكخستنەوەو سەرهەڵدانەوەی چەكدارانی داعش لەو ناوچانە مەترسییەكانی زیاتر كردووەو بووەتە جێگەی نیگەرانی هاووڵاتیان". 
وتیشی: "پێویستە بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان لە پەرلەمانی عیراق سەردانی ئەو ناوچانە بكرێت و لێكۆڵینەوە لە گرفتەكان و كێشە ئەمنییەكان بكرێت و هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت".
حەسەن ئاڵی باسی لەوەشكرد، دوای دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەجدی قسە لەسەر ئەم پرسە دەكەین چونكە لەئێستادا ئەو ناوچانە لە مەترسیدان بەتایبەت مەترسییەكانیش روبەڕووی هاووڵاتیانی كورد دەبێتەوە.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group