نەیمار: ناوبژیوانانی ڤار لە تۆپی پێ‌ تێناگەن

07/03/2019 وەرزش

نەوا
نەیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و ئەستێرەی یەكەمی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی دەڵێت، ناوبژیوانانی ڤار لە یاری تۆپی پێ تێناگەن.
دوای دۆڕاندنی یانەی پاریس سانجێرمان لەخولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە لەكۆتا خولەكی زیادكراوی یاریەكەدا بەهۆی بڕیاری ناوبژیوانانی ڤارەوە لێدانێكی سزایان لەسەر هەژمار كرا، نەیمار لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام نوسیویەتی "ئەوەی روویدا شەرمەزارییە".
ئەستێرە بەڕازیلیەكە ئاماژەی بەوەشداوە، چوار پیاویان لە ژووری ڤار داناوە، كە لە تۆپی پێ تێناگەن و نازانن گرتەكان شیبكەنەوە، ئەگەر ڤیدیۆكە بە خاوكردنەوە لێبدرێتەوە ئەوا دەزانیت تۆپەكە بەردەستی یاریزانەكەی پاریس سان جێرمان نەكەوتوە.
شەوی رابردوو هەردوو یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لەیاری گەڕانەوەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا لەیاریگای یانە پاریسیەكە بەیەك گەیشتن و تا خولەكی زیادكراوی یاریەكە هەرچەند مانچستەر بەئەنجامی 2 بە 1 گۆڵ لەپێشەوەبوو، بەڵام پاریس سان جێرمان بەو ئەنجامە سەردەكەوت بۆ خولی داهاتو، چونكە لەیاریگای یانە ئینگلیزیەكە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یاریەكەی بردبووەوە، بەڵام لە خولەكی زیادكراودا ناوبژیوان لە رێگەی كامێرای ڤارەوە لێدانێكی سزای بۆ مانچستەر هەژمار كرد و بەوەش گۆڵی سێیەمی تۆماركردو سەركەوت بۆ قۆناغی داهاتوی پاڵەوانێتییەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group