قەتەر رەتیدەكاتەوە لەڕێگەی بەرتیلەوە مۆندیالی 2022ی كڕیبێت

11/03/2019 وەرزش

نەوا
شێخ خەلیفە بن حەمەد برای میری قەتەر سەرجەم ئەو هەواڵ و راپۆرتانە رەتدەكاتەوە، كە باس لەوەدەكەن وڵاتەكەی لە رێگەی پێدانی بەرتیلەوە توانیویەتی مافی میوانداریكردنی مۆندیالی تۆپی پێی 2022 بەدەستبهێنێت.
سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردوەتەوە، شێخ خەلیفە وەك وەڵامدانەوەی ئەوانەی قەتەر تۆمەتبار دەكەن كە بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی 2022 ملیۆنان دۆلاری وەك بەرتیل داوە، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پۆستێكی بڵاوكردوەتەوە كە وێنەیەكی میر تەمیم بن حەمەدی برایەتی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی جیهان "فیفا" و لەسەری نوسیویەتی "بۆ هەموو دەنگە رق لە دڵەكان.. مۆندیالی عەرەب لە دەوحەی عەرەب.. كات 2022".
بەپێی ئەو سەرچاوانەی هەواڵ، شێخ خەلیفە بێباكی خۆی لەلێكۆڵینەوەكان لە دۆسێی مۆندیالی 2022 پیشان دەدات و دڵنیایە ئەو دۆسێیە بێ فێڵ و غەشە.
پێشتر رۆژنامەی سەندای تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەستیكەوتوە، كۆی ئەو پارەیەی قەتەر داویەتی بۆئەوەی دۆسێی میوانداریكردنی مۆندیالی 2022 بباتەوە، 880 ملیۆن دۆلارە، كە بە دوو وەجبە داویەتی بە یەكێتی تۆپی پێی جیهان "فیفا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group