ریاڵ مەدرید بە فەرمی پەنا بۆ زێدان دەباتەوە

11/03/2019 وەرزش

نەوا
شەوی دووشەممە 11-3-2019 بەشێوەیەكی فەرمی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی گەڕانەوەی زێنەدین زێدانی بۆ ئەركی راهێنەرایەتی تیمی تۆپی پێی یانەكە راگەیاند.
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی فەرمی یانەی شاهانەی مەدرید، زێدان تا 30ی حوزەیرانی ساڵی 2022 لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.
جێی باسە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی كارگێڕی ریاڵ مەدرید كۆبۆوە و كۆتاییهاتنی گرێبەستی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری راگەیاند، بەڵام لەگەڵ یانەكە دەمێنێتەوە و ئەركی دیكەی پێدەسپێرن.
زێدان 9 مانگ لەمەوبەر بڕیاری دا واز لە ئەركی راهێنەرایەتی ریاڵ مەدرید بهێنێت دوای ئەوەی توانی سێ وەرزی یەك لە دوای یەك نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، كە هیچ راهێنەرێكی دیكە ئەو دەستكەوتەی تائێستا لە پاڵەوانێتییەكەدا نەبوە.

ئەم گەڕانەوەیەی زێدان لەكاتێكدایە، كە ریاڵ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیا كراوەتەدەرەوەی ململانێكان و ئومێدێكی ئەوتۆشی بە خولی تۆپی پێی ئیسپانیا نییە لەم وەرزەدا و ئێستا 51 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمدایە، بەرشەلۆنەش بە 63 خاڵەوە لە پلەی یەكەمدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group