"فه‌تح و سائیرون له‌سه‌ر ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا رێكه‌وتون"

13/03/2019 عێراق

نه‌وا
محه‌مه‌د به‌لداوى ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتى فه‌تح له‌ په‌رله‌مانى عیراق ده‌ڵێت "هه‌ردوو ئیئتیلافى فه‌تح و سائیرون له‌سه‌ر ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عیراق رێكه‌وتون و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ گومان هه‌ڵناگرێت و له‌ په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێنرێت".
به‌لداوى له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وتى "هیچ گومانێك له‌سه‌ر دۆسێی ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عیراقدا نه‌ماوه‌، چونكه‌ هاوپه‌یمانێتى فه‌تح و سائیرون رێكه‌وتون له‌سه‌رى و چه‌ندین فراكسیۆنی دیكه‌ش له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دان".
به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عیراق، بابه‌ته‌كه‌ له‌بیرنه‌كراوه‌ و له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى وه‌رزى یاسادانانى دووه‌مدا، په‌رله‌مان له‌سه‌ر چه‌ندین دۆسیه‌ گفتوگۆ ده‌كات له‌گرنگترینیشیان كابینه‌ى حكومه‌ت و لیژنه‌كانى په‌رله‌مان و بوونى هێزه‌ بیانییه‌كان.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى ئیئتیلافى فه‌تح رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى سه‌ربه‌ لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسێی رێككه‌وتنه‌كانى عیراق له‌گه‌ڵ لایه‌نى ئه‌مریكى ده‌كات ئه‌وه‌ش بۆ پشتگیریكردنى یاساى ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كانه‌ بێ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت ئیحراج بكرێت.
هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كیش پێكهێنراوه‌ بۆئه‌وه‌ى سه‌ردانى بنكه‌ى سه‌ربازیى "عین الاسد" و "شنگال" و چه‌ندین بنكه‌ى سه‌ربازى دیكه‌ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى بزانن ژماره‌ى راسته‌قینه‌ی ئه‌و هێزانه‌ چه‌ندن و له‌سه‌ر بنچینه‌ى راپۆرتى لیژنه‌كانیش په‌رله‌مان بڕیارى ده‌ركردنى ئه‌و هێزانه‌ ده‌دات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group