بەرهەم ساڵح: دەمانەوێت میكانیزمی بەرژەوەندی هاوبەش دروست بكەین

14/03/2019 عێراق
نەوا
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، ئاماژەی بەوە كرد كە خوازیاری پێكهێنانی "میكانیزمی بەرژەوەندی ئابووریی هاوبەشن" لەگەڵ سعودیەدا.
دوا بەدوای سەردانەكەی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران، بەغدا پێشوازی لە شاندێكی وەبەرهێنانی سعودیە كرد.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەغدا، پێشوازی لە ماجد قەسەبی وەزیری وەبەرهێنان و بازرگانی سعودیەو شاندی یاوەری كردووە.
لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندەكە، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوە كردووە كە خوازیارن وڵاتانی ناوچەكە خاڵی كۆبوونەوەی بەرژەوەندیەكانیان هەبێت و رایگەیاندووە "دەمانەوێت میكانیزمی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتی لەگەڵ سعودیە دروست بكەین".
بەرهەم ساڵح ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە هەوڵیانداوە لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا رێككەوتنێك ساز بكەن بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری دوور لە پێكدادان و ململانێ لە ناوچەكەدا.
لای خۆشیەوە ماجد قەسەبی وەزیری وەبەرهێنان و بازرگانی سعوودیە، باسی لەوە كرد كە خوازیارن پەیوەندییە ئابورییەكانیان لەگەڵ عیراق پەرە پێبدەن و لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانیشەوە قەبارەی بازرگانی بەرز بكەنەوە.   

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group