دیندار زێباری: هەرێم هیچ زیندانێكی نهێنی نییە

15/03/2019


دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم دەڵێت: هیچ زیندانێكی نهێنی لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە و ئەشكەنجەدانی تۆمەتباران و سزادراوانیش لە هەرێم بە تاوان دادەنرێت.
دیندار زێباری وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای سەبارەت بە رەوشەكانی مافی مرۆڤی دایەوە و رایگەیاند، ڕاپۆرتەكە  پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی جیاجیا بەستووە و بەشێكی ئەو تێبینی و تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان چەندین جارە دووبارە دەبنەوە لە كاتێكدا ئەو دۆسیانە بە پێی رێ وشوێنە یاساییەكان یەكلاییكراونەتەوە.
وتیشی حكومەتی هەرێم دووپاتی دەكاتەوە هیچ زیندان و گرتووخانەیەكی نهێنی نییە و هەر كەسێك دەستگیر بكرێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت دوای ئەوەی راگیراو حوكمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت، رەوانەی دەكرێت بۆ سەپاندنی سزاكەی بەپێی رێوشوێنە كارپێكراوەكان.
دیندار زێباری جەختیكردووەتەوە، هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و گشت رێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، بەپێی یاساش ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت.
دیندار زێباری ئاشكراشیكردووە، لە سێ ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 652 كەس دەستگیركراون بە تۆمەتی پەیوەندیكردنیان بەرێكخراوی داعشەوە، هەزار و 100 كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغبووەتەوە و سزا دراون، 870 كەسیان ئازاد كراون و 672 كەسیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group