پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ لە پەرلەمانی عێراقە

15/03/2019 عێراق

پڕۆژەیاسایەك لە پەرلەمانی عێراق ئامادە كراوە بۆ تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ لە عێراق و بەپێی پڕۆژەكەش هەموو ئەو خانووانەی تا ساڵی 2017 لەسەر زەویی حكوومەت دروست كراون، لەسەر هاووڵاتیان تاپۆ دەكرێن، نوێنەرێكی كوردیش باوەڕی وایە بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی كورددا دەبێت.
ڕێبوار هادی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندوە: "پڕۆژەی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ لە لایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار و لیژنەی پەیوەندیدارەوە ئامادە كراوە و بڕیار بوو خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت، بەڵام پڕۆژەكە بۆچوونی جیاوازی لەسەر دروست بوو و بۆ كۆبوونەوەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوا خرا. ".
ئەو پەرلەمانتارە كوردە راشیگەیاندووە: "پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی ئەو خانووانەی بە زێدەڕۆیی دروست كراون، ناڵێم سەداسەد، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندیی كورددایە، چونكە لە كەركووك و ناوچەكانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری عێراق، كورد دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بێجێگەوڕێگە بوون و ناچار پەنایان بۆ دروستكردنی خانووی زێدەڕۆ برد، بەو پێیەش هەموو خانووە بێتاپۆكان لەسەر هاووڵاتیانی كورد تۆمار دەكرێن".
لەبارەی ئەو خانووانەی دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەسەر زەویی كورد و حكوومەت دروست كراون، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە، ئەو خانووانە دەگرێتەوە كە تا كۆتایی ساڵی 2016 دروست كراون، واتە ئەوانەی دوای ئەو ڕێكەوتە و سەروبەندی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دروست كراون، نایانگرێتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group