مەحمود سەنگاوی: بەبێ یەكێتی حكومەتێكی شكستخواردوو لە هەرێم دروست دەبێت

15/03/2019

 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم ئەگەر بە بێ حزبەكەی پێكبهێنرێت، حكومەتێكی شكستخواردوو دەبێت، جەختیش دەكاتەوە، كە یەكێتی نابێتە ئۆپۆزسیۆن. 
مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیا فەرمی حزبەكەی راگەیاند:"رێكنەكەوتن لەگەڵ یەكێتی دەبێتە هۆی شەلەل بونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتێكی شكستخواردو دروست دەبێت".
لەوەڵامی ئەوەی هێزی تر هەیە بتوانێت پارسەنگی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بداتەوە لە حكومەتی داهاتوو، سەنگاوی وتی:" پێموانیە كەس بتوانێت پارسەنگی یەكێتی بداتەوە، یەكێتی هێزی خۆی هەیە، سنوری خۆی هەیە، بۆیە تەنها یەكێتی خۆی پارسەنگی خۆیەتی".
ئەوەشیخستەرو" یەكێتی نابێتە ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنبونی یەكێتی وەكو هێزێكی بێ چەك نیە، ئێمە نە بزوتنەوەی گۆڕانین، نە نەوەی نوێین، ئێمە خاوەنی هێزی ئەمنین و خاوەنی پۆلیس و سەربازین، بونە ئۆپۆزسیۆن بونی ئێمە واتە دابڕان، بۆیە حكومەت بەبێ ئێمە دروست نابێت و هەر حكومەتێكیش دروستبێت شەلەلە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group