سلێمانی.. پۆلیس ڕێگریی لەئەنجامدانی‌ تاوانێكی‌ كوشتن دەكەن

19/03/2019

 

بنكەی‌ پۆلیسی‌ وارماوەی‌ سەر بەبەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕێگریی لەئەنجامدانی‌ تاوانێكی‌ كوشتن دەكات‌و بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ تاوانەكە كەسێك دەستگیر دەكات، راشیدەگەیەنێت، لەسەرەتای ئەم مانگەوە، 27 تۆمەتباری تری لەو سنورە دەستگیركراون.
بەشی راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، دوای‌ كۆكردنەوەی‌ زانیاریی ورد دەركەوتوە تۆمەتبار (ق،ع،ك) بەنیاز بووە لەرێگەی‌ كەسێكی ترەوە هاوڵاتییەك بباتە دەرەوە بەبیانوی‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ مەڕو ماڵات، كەسەكە بكوژێت و پارەكەی ببات.
راشیگەیاندووە: تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە خراوەتە ژێر چاودێرییەوەو سەرئەنجام پێش ئەنجامدانی‌ تاوانەكە، توانراوە تۆمەتبار دەستگیر بكرێت‌و دەستبگیرێت بەسەر سەرجەم ئەو بەڵگانەدا كە تۆمەتبار بەنیاز بووە لەتاوانەكەدا بەكاریبهێنێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، كە لەئێستادا تۆمەتبارەكە بەپێی‌ مادەی‌ (56-57) لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌‌و بەفەرمانی‌ دادوەر ڕاگیراوە. تۆمەتبارەكە پێشینەی‌ تاوانی‌ هەبوەو لەچەند بنكەیەكی‌ پۆلیس‌و بەچەند مادەیەكی‌ یاسایی جیاواز داواكراو بووە.
هاوكات بە پێی راگەیەنراوەكەی پۆلیسی سلێمانی، لەماوەی‌ 17 رۆژی‌ رابردودا لەلایەن هێزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ وارماوەوە، 27 تۆمەتبار بەپێی‌ مادەكانی‌ (443، 413، 482، 457، 21-23ی‌ هاتوچۆ، 11 ی زیادەڕویی، 386) لەیاسای‌ سزادان دەستگیركراون‌و روبەروی‌ دادگا كراونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group