جارێكی تر شەڕ لە نێوان یەبەشە و سوپای عێراق روویدا

19/03/2019 عێراق

 

جارێكی تر تێكهەڵچوون لە نێوان سوپای عێراق و شەڕڤانانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) هاتە ئاراوە، هاوكات ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی ئێزدی بۆ پشتیوانی لە شەڕڤانان لە ناحیەی سنۆنێ خۆپیشاندانیان كرد.
دوانیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە جارێكی تر سوپای عێراق و شەڕڤانانی یەبەشە لە نزیك شەنگال رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و بەپێی زانیاریەكانیش ئەو تێكهەڵچوونە زیانی گیانی بەدواوە بووە.
ئەمەش لە دوای ئەوە هات، پێشنیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە زەردەشت شنگالی فەرماندەی گشتی یەبەشە و  نەجمەدین جبوری فەرماندەی ئۆپراسینەكانی نەینەوا كۆبوونەوە.
بە گوێرەی زانیاریەكان شەڕەكە دوای ئەوە دروست بووە كە لایەنی عێراقی داوای كردووە ئەو كەسانەی لە پێكدادانەكەی شەوی 17 ی ئادارەوە تێوەگلان رادەست بكرێن، بەڵام وەفدی یەبەشە ئەو داوایەی رەتكردۆتەوە.
شەوی 17 ی ئادار  لە ئەنجامی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان سوپای عێراق و یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال دوو كەس كوژراون و 6 كەسی دیكەش بریندار بوون. 
لە لایەكی ترەوە بە مەبەستی پاڵپشتی لە شەڕڤانانی یەبەشە رۆژی سێ شەممە لە ناحیەی سنۆنێ ژمارەیەك لە ئێزدیەكان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رایانگەیاند، ئەو هێزانە رەتدەكەنەوە كە لە كاتی هێرشی داعشدا هەڵاتوون و داواشیان كرد، حكومەتی عێراق كۆتایی بە هێرشەكانی بۆ سەر یەبەشە بهێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group