پەرلەمانتارێكی پارتی داوای یەكهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكات

19/03/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، تائێستا بەفەرمی پرسی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە خاكی عیراق نەخراوەتە بەرنامەی كاری پەرلەمان و ئەوەشی وت: "لەكاتی ناردنی بۆ پەرلەمان قسەی خۆمان دەبێت لەوبارەیەوە".
ناسر یوسف ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، هەرچەندە پێشتر هەوڵێك هەبوو بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە خاكی عیراق بۆ ئەوەش ژمارەیەك واژوو كۆكرایەوەو بڕیاربوو ئەو پرسە بخرێتە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام داوی دەستپێكردنەوەی وەرزی دووەمی یاسا دانانی پەرلەمانی عیراق ئەو پرسە بەفەرمی هیچی لەبارەوە نەوتراوە، هەركات قسەی لەسەر بكرێت هەڵوێستی خۆمان دەبێت لەوبارەیەوە.
سەبارەت بە هەوڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبارەی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە خاكی عیراق، ناسر یوسف پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگرتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی: "هیوادارین سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگبین لەسەر ئەو پرسانەو پێكەوە بڕیارێك بدەین، پێشتریش لەسەر زۆربەی پرسەكان یەكدەنگ بووین و كۆبوونەوەمانكردووە جگە لە فراكسیۆنێك، بۆ ئەو پرسەش ئێمە وەكو خۆمان پێمان باشە بەرژوەندی ئاسایش و ئابوری عیراق لە بەرچاو بگیرێت و خوێندنەوە بۆ ئەو پرسە بكرێت و دواتر بڕیار بدرێت". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group