فراكسیۆنی نەوەی نوێ پڕۆژە یاسایەكی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەیە

19/03/2019

 

جێگری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت كە رەشنووسی پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانییان ئامادەكردووە كە تیاییدا جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی كەم بكرێتەوە.
كاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: "دوای هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشەییەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان، لە ئێستادا قسەی زۆر لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت، ئێمە پێمان باش بوو سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك و بەپێی یاسای پێشوو هەڵبژدرێت، بەڵام رای زۆرینەی فراكسیۆنەكان ئەوەیە كە لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە ئێمە رەشنووسی پڕۆژە یاسایەكمان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستان".
لەبارەی ناوەڕۆكی پڕۆژە یاساكە، كاوە عەبدولقادر وتی: "لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005 ئاماژەی پێكراوە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم 18 دەسەڵاتە و لە ماددەی 73ی دەستووری عێراق دەسەڵاتەكانی سەركۆمار 10 دەسەڵاتە و ئێمە دەمانەوێت پێچەوانە نەبێت لەگەڵ دەستووری عێراق".
ناوبراو ئاماژەی بە پڕۆژە یاسایەكی بزووتنەوەی گۆڕان كرد كە خوولی رابردوو دەربارەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشیان كردبوو، وتی: "چوار لایەنی سیاسیی پڕۆژەیەكیان هەبوو كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی كەم بكرێتەوە، بۆیە هیوادارین ئەو لایەنانەی پێشووتر ئەو پڕۆژەیان پێشكەش كردووە ئێستاش هەمان دید و تێروانییان هەبێت بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group