پەرلەمانتارێك جیاوازی موچەی خانەنشینانی هەرێم و عیراق ئاشكرا دەكات

21/03/2019

نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران جیاوازی موچەی خانەنشینانی عیراق و هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان كار بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی عیراق بكات، خانەنشینانی هەرێم سودمەندی یەكەم دەبن و زیاتر لە 300 هەزار دینار لە موچەكانیان زیاد دەكات.  
غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەئێستادا لە عیراق یاسایەك هەیە، كە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینی عیراقە و زۆربەی مافەكانی خانەنشینانی تێدا جێگیركراوە، پلە تایبەتەكانیشی تێدا نەماوە و پێویستە ئەو كەسەی خانەنشین دەبێت لە هەر پلەیەكدا بێت 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی 50 ساڵ بێت، ئیتر پەرلەمانتارە، وەزیرە یاخود هەر پلەیەكی تایبەتی هەیە پێویستە بەو جۆرە خانەنشین بكرێت، هەروەها موچەی خانەنشینی لە 400 هەزار دینار كەمتر نییە پێچەوانەی ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە هەندێك موچەی خانەنشینی 270 هەزار دینارە.
ئەوەشی وت "جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەو كەسانەی لە عیراقدا خانەنشین دەكرێن بەراورد بەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستاندا خانەنشین دەكرێن، ئەگەر یەك پلەو یەك بڕوانامەو یەك تەمەنیان هەبێت و ساڵی خزمەتیشیان وەك یەك بێت، جیاوازی موچەیان زیاتر لە 300 بۆ 400 هەزار دینارە، ئەگەر ئەو یاسای خانەنشینیەی عیراق لە هەرێمدا كاری پێبكرێت، ئەوا خانەنشینانی هەرێم زۆر سودمەند دەبن، كە بەداخەوە لەئێستادا هیچ یاسایەكی خانەنشینی نییە لە هەرێم، ئەوەی هەیە لە دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی عیراق بوەتە یاسایەكی بەسەرچوو".
غالب محەمەد راشیگەیاند، كاركردن بە یاسای كۆنی خانەنشینی لە هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم بەشێك لە بەرپرس و پەرلەمانتار و وەزیرەكانیان بەو یاسایە خانەنشین كردوە، كە هەندێكیان یەك رۆژ كاریان نەكردوە، بەڵام ئەگەر ئەو یاسا نوێیەی عیراق كاری پێ بكرایە ئەوكات رێگری لەو كارە دەكرد.
سەبارەت بەهەوڵەكان بۆ كاركردن بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینی یەكگرتووی عیراق لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت "پێویستە پەرلەمانی كوردستان هەوڵبدات لەكۆبونەوەكاندا كاركردن بەو یاسایە چالاك بكات و هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبێت بەكاركردن بەو یاسایە".
غالب محەمەد گرفتێكی دیكەی لە هەرێمی كوردستاندا ئاشكراكرد و وتی "لە هەرێمی كوردستان پارە لە فەرمانبەر و مامۆستایان و چینە جیاوازەكان وەردەگیرێت بەناوی خانەنشینییەوە، بەڵام سندوقی خانەنشینی لە هەرێمدا نییە و یەك دیناری تێدا نییە، لەكاتێكدا لە عیراق سندوقێك هەیە بەناوی خانەنشینی و زیاتر لە 9 تریلیۆن دیناری تێدایە، هەر موچەخۆرێك 7%ی موچەكەی دەبڕێت و دەچێتە ئەو سندوقەوە و دواتر موچەكانی لەكاتی خۆیدا وەردەگرێت، نەك وەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 16 موچەی خانەنشینان لەلای حكومەتی هەرێمە و هیچ پارەیەكی دانراویش نییە، بەردەوام پارەش لە فەرمانبەران وەردەگرن بەناوی خانەنشینییەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group