لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بێ موچە روونكردنەوە دەدرێت

22/03/2019

 

لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەتی موچە ژمارەیەك مامۆستا كە پێشتر مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتبوو، داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكانیان كردبوو، بەڕپرسێكی پەروەردەش لەو بارەوە روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: تەنها لە یەك حاڵەتدا مۆڵەتەكەیان هەڵدەوەشێنرێتەوە.
بەشێك لەو مامۆستایانەی كە پێشتر مۆڵەتی بێ موچەیان كردووە، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە داوا دەكەن مۆڵەتەكانیان هەڵوەشێتەوەو پەیوەندی بە كاری مامۆستاییەوە بكەن.
لەوبارەیەوە، بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، رایگەیاندوە، داوكاری لەو جۆرەمان هاتۆتە بەردەست، بەڵام بەپێی رێنمایی، لە وەزری دووەمی ساڵی خوێندندا، بەهیچ شێوەیەك جۆرەكانی مۆڵەتەكانی (دایكایەتی و بێ موچە) هەڵناوەشێتەوە.
وتیشی: "ئەو موچەخۆرەی كە مۆڵەتی بێ موچە وەردەگرێت، كۆمەڵێك بەڵێننامە پڕدەكاتەوە، یەكێك لەوانەش ئەوەیە كە بەڵێن دەدات داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكەی نەكات، بۆیە ئەو مامۆستایانەی كە مۆڵەتیان وەرگرتووە، مافی ئەوەیان نییە مۆڵەتەكانیان هەڵوەشێننەوە.
بەوتەی بەكر محەمەد، تەنها لەهەندێك حاڵەتی زۆر دەگمەندا دەتوانرێت ئەو مۆڵەتە هەڵوەشێتەوە كە بەپێی پێویستیی زۆری پەروەردە دەبێت، بۆ نمونە مامۆستایەك كە لە گوندێكی دوورە دەست داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بێ موچە دەكات و ئێمەش پێویستمان بە راژەكەیەتی، پێدەچێت بتوانرێت ئەو كارەی بۆ بكرێت، یان لەساڵی نوێدا دەكرێت بۆیان هەڵوەشێنرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group