پانۆرامای داعش..لە سەركەوتنەوە بۆ كەوتن

23/03/2019 نەوا

رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وەك هێزێكی رێكخراو، یەك بست زەوی لە سوریا و عیراقدا بەدەستەوە نەماوە، رۆژی شەممە 23-3-2019ەش شكستی تەواوەتی رێكخراوەكە لەسەردەستی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك "هەسەدە" راگەیەندرا.


رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) رۆژگارێك بوو یەك لەسەر سێی خاكی عیراقی داگیركرد، بەهەمانشێوە لە روبەرێكی بەرفراوانی سوریادا بڵاوبۆوە و گەشەی كرد، بەڵام لە تەمەنێكی كورتدا لەسەردەستی شەڕڤانانی كورد لە سوریا كۆتایی ئەو هێزە شەڕەنگێزە راگەیەندرا.
لەم پانۆرامایەدا، دەركەوتن و كۆنترۆڵی خاك و دڕندەیی و وێرانكاری داعش دەخەینەڕو:


*لە ساڵانی 2004 تا 2011: لەوكاتەی ئاژاوەی تەواوەتی لە عیراقدا بەرپاببو، هێزێك لە رێكخراوی ئەلقاعیدە جیابوەوە و لە ساڵی 2006دا ناوی لە خۆی نا رێكخراوی دەوڵەت لە عیراق (كە مەبەستی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی) بوو.
*ساڵی 2011: ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوەكە پاش ئەوەی زانی قەیرانی سوریا دەستیپێكردوە، چەكدارەكانی نارد بۆ ئەو وڵاتە و گروپێكی سەربە خۆی لەوێ پێكهێنا. هەروەك لە ساڵی 2013ەشدا بە تەواوەتی پەیوەندی خۆی لەگەڵ رێكخراوی ئەلقاعیدە كۆتایی پێهێنا و ناوی رێكخراوەكەشی گۆڕی.
*لە ساڵی 2014 و لە سەرەتای رۆژەكانی ساڵەكەدا، رێكخراوەكە توانی كۆنترۆڵی فەلوجەی عیراق و رەققەی سوریا بكات، پاشان موسڵ و تكریتی لە مانگی حوزەیراندا داگیركرد و سنوری سوریای خستەژێر ركێفی خۆیەوە.
بەغدادی لەسەر مینبەری مزگەوتی گەورەی (نوری)ی موسڵەوە دامەزراندنی دەوڵەتی (خەلافەت)ی لەو ناوچانەدا راگەیاند، كە لەژێر دەستی چەكدارەكانیدا بوو.

لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتەكەیدا، تیرۆر بوە ناسنامەی و كوشتن و بڕین دەستیپێكرد، بۆ نمونە سەدان كەسی لە عەشیرەتی (شعیتات) لە سوریا سەربڕی. هەروەها هەزاران كەسی لە ئێزدییەكان كوشت و رفاندنی، سەرەڕای سەربڕینی سەدان دیل و كەسانی دەستبەسەركراوی بیانی و هاووڵاتی عیراق و سوریا.
لە مانگی 9ی ئەو ساڵەدا، ئەمریكا هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی دژبە داعشی دامەزراند. لەوكاتەوە هێرشی ئاسمانی بۆسەر چەكدارانی رێكخراوەكە دەستپێكرد تا فراوانبونی ناوچەی ژێردەستی رابگرێت. هەروەها هاوكاری هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگەی كرد بۆ روبەڕوبونەوەی رێكخراوەكە. لە سوریاش پاڵپشتی و هاریكاری یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە"ی كرد تا شاری كۆبانێ-ی رۆژئاوای كوردستان لەژێردەستی داعش رزگاربكات، كە دەكەوێتە سەر سنوری توركیا.
*ساڵی 2015: لەو ساڵەدا توندڕەوەكانی سەربە داعش لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هێرشی خوێناوییان بۆسەر رۆژنامەیەكی كۆمیدی و فرۆشگایەكی جوو ئەنجامدا و پاشانیش ئەو جۆرە هێرشانە لە ئەوروپادا زیادیان كرد.
لەلایەكی دیكەشەوە توندڕەوەكانی ناو وڵاتانی باكوری ئەفریقا و بەتایبەت لە لیبیا سەری چەندین كەسی مەسیحییان بڕی و بەیعەتیان بۆ دەوڵەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی راگەیاند.
لە مانگی ئایاری ئەو ساڵەدا، داعش خۆی گەیاندە پارێزگای ئەنباری عیراق و شاری رومادی سەنتەری پارێزگاكە و شاری تەدموری لە سوریا كۆنترۆڵكرد، بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2015دا فراوانبونی سستی و لاوازی بەخۆیەوەبینی.


*ساڵی 2016: هێزە عیراقییەكان لەمانگی حوزەیراندا توانیان فەلوجە لەدەستی داعش رزگاربكەن، كە یەكەم شار بوو لە عیراقدا داگیری كردبو.
هەروەها لە مانگی ئابی ئەو ساڵەدا، هێزەكانی سوریای دیموكراتیك "هەسەدە" بەسەركردایەتی شەڕڤانانی كورد، توانییان شاری مەنبج لە سوریا كۆنترۆڵ بكەن و داعشی لێ دەربكەن. بەڵام ئەو پێشكەوتنانەی كورد وایكرد توركیا تەنگەتاو ببێت و هێرشی كردە سەر شەڕڤانانی كورد، ئەوەش كاریگەری كردەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی دژبە داعش.
*ساڵی 2017: لەو ساڵەدا رێكخراوی داعش گورزی گەورەی بەركەوت و شكستی گەورەی توش بوو، لە كۆتایی مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی تەمموزدا، موسڵی لە دەست دەرهێنرا و هێزە عیراقییەكان توانییان چەكدارانی رێكخراوەكە بشكێنن، لەو كاتەشدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆتاییهاتنی داعشی لە وڵاتەكەدا راگەیاند.
لە مانگی ئەیلولیشدا سوپای سوریا بەرەو خۆرهەڵاتی وڵاتەكەی كشا و بە پاڵپشتی روسیا و ئێران توانی بگاتە پارێزگای دێرزۆر و ناوچەی فوراتی كۆنترۆڵكرد. هەروەها لە مانگی 10ی ئەو ساڵەدا، هەسەدە كۆتایی بە بونی داعش لە پارێزگای رەققەی سوریا هێنا، كە بە پایتەختی خەلافەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی ناسرابو.
*ساڵی 2018: لەوساڵەدا شكستەكانی داعش خێراتربوون و حكومەتی سوریا توانی شانەكانی رێكخراوەكە لە یەرموكی باشوری دیمەشقی پایتەخت لەناوبەرێت، هەروەك كۆتایی بە بونی چەكدارەكانی داعش لەسەر سنوری بەرزاییەكانی جۆلان هێنا. لە نزیك فوراتیش هێزەكانی هەسەدە پێشڕەوییان كرد و داعشیان تێكشكاند. لە دیوی عیراقیشەوە هێزەكانی عیراق سەر سنوری وڵاتەكەیان لەگەڵ سوریادا خستەژێر ركێفی خۆیانەوە.
*ساڵی 2019: لەمساڵدا كۆتایی داعش بوە راستی و دوێنێ لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی گوندی باغۆز لەسەر روباری فورات لە پارێزگای دێرزۆری سوریا لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە، كۆتاییهاتنی ئەو رێكخراوە لە سوریاشدا راگەیەندرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group