"لایەنە سیاسییەكان رێگری لە تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عیراق دەكەن"

25/03/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 


پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، پرسی تەواو كردنی كابینەی حكومەتی عیراق تائێستا نەخراوەتە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و 30ی حوزەیران دوا مۆڵەتە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی وەزارەتەكانی حكومەتی عیراق بەوەكالەت، ئەوەش دەڵێت: "لایەنەكان رێگری دەكەن". 
یوسرا رەجەب پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هەرچەندە بڕیاربوو دوای دەستپێكردنەوەی وەرزی دووەمی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرسی تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عیراق لەسەرەتاری دانیشتنەكانەوە كۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عیراق نەخراوەتە دانیشتنەكان و هیچ باسی لێوەناكرێت لەكاتێكدا پۆستی چەند وەزارەتێكی حكومەتی عیراق بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت كە ئەوەش جێگەی نیگەرانییەو ناكرێت بەوجۆرە بەردەوامبێت، چونكە 30ی حوزەیرانی 2019 دوامۆڵەتە بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەكان بە وەكالەت و پێویستە تا ئەو كاتە ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە".
سەبارەت بە گرفتەكانی بەردەم دیاریكردنی وەزیری ئەو وەزارەتانەی تائێستا كاندیدەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە، ئایا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بەپرسە لە دواكەوتنی یاخود لایەنە سیاسیەكان و فراكسیۆنەكان بوونەتە گرفت لەبەردەم تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عیراق و دیاریكردنی وەزیری ئەو وەزارەتانەی بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێن، یوسرا رەجەب پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، "ئاشكرایە بۆ هەمووان لایەنە سیاسیەكان رێگرن لەبەردەم دیاریكردنی وەزیری ئەو وەزارەتانەی حكومەتی عیراق كە تائێستا كاندیدیان بۆ دیاری نەكراوە، ئەوەش بۆ هەندێك دەستكەوتی خۆیانەو حكومەت كەمتەرخەم نەبووە لەو پرسە".0
وتیشی: "لە یەكەم كاتی پێكهێنانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران 14 پۆستی وزاری پڕكردەوەو بە ئاشكرا داوایكرد لە هێزە سیاسیەكان كێشەكان یەكلایی بكەنەوە تاوەكو بتوانرێت كابینەكەی تەواو بكرێت، بەڵام لایەنەكان بۆ دەستكەوتی خۆیان دەیانەوێت ئەوپرسە دوابخەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group