عەبادی: هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی نەكرابوو بۆ كشانەوە لە كەركوك

25/03/2019 عێراق

 

سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق رەتیدەكاتەوە، كە لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017دا هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی كرابێت بۆ كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك، تەنها هەماهەنگی لەگەڵ لایەنێكی ناو یەكێتی كراوە ئەوەش لە پێناو رێگریكردن لە خوێنڕشتن و كاولكاری.

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق لەمیانی دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ (كەناڵی دجلە) ئاماژەی بەڕووداوی 16ی ئۆكتۆبەركرد ووتی: هیچ رێككەوتنێك لە نێوان یەكێتی و قاسم سلێمانیدا نەبووە بۆ پاشەكشێی پێشمەرگە لە كەركوك.
هەرسەبارەت بە كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك رایگەیاند: ئامانج ئەوە نەبوو كە رویدا، ئامانج شتێكی تر بو، بەڵام تێڕوانینێكم هەبوو كە پێشمەرگە شەڕ ناكات، دوو جۆر پێشمەرگە هەبوون، لەناو یەكێتیی لایەنێكی دیاریكراو هەبو كە هەماهەنگیان لەگەڵ كرا، تۆمەتباركران گوایە بە"خیانەت" بەڵام ئەوەی كردیان "خیانەت" نەبو، بەڵكو ئامانجیان ئەوە بوو خوێن نەڕژێت و خەڵك نەبێت بە قوربانی و شەڕی وێرانكەر روو نەدات.
عەبادی راشیگەیاندووە: هەر لەو یەكێتییەدا لایەنی توند هەبون، لەناو پارتیشدا لایەنی توند هەبوون، بەڵام بۆچی ئەو توندڕەوانەش شەڕیان نەكرد؟ لەبەر ئەوەی ئێمە پەیوەندی تایبەتمان هەبوو لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی شەڕ بوون و وتارمان هەبوو بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكان بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group