ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی: مووچەی فەرمانبەرانمان لە مەترسییەكی دیكە دورخستەوە

25/03/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 

پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "وەك چۆن لە بودجەی 2019 توانیمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كێشەی نەوت لابدەین و جیای بكەینەوە، رۆژی دوو شەممەش توانیمان پشكی موچە لە كێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم لابدەین".
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا وتی: "رۆژی 25-3-2019 لە كۆبونەوەی لیژنەی دارایی، جارێكی تر لەسەر پشكی هەرێم و هەوڵدان بۆ بڕینی ئەو پشكەی ئێستا دێت بۆ هەرێم لەگەڵ بەشێك لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لێمان بو بە كێشە و گفتوگۆی توند، كێشەكە ئەوەیە بە گوێرەی رای سەرۆكی دەستەی مەرزەكانی عێراق كە لە 10ی ئازار بانگهێشتی لیژنەی دارایی كراوە، لە ئێستادا هەرێم پابەندبووە بە پێناسی یەكگرتووی گومرگی بەڵام داهاتەكەی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی ئیتیحادی".
باسی لەوەشكرد، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو راپۆرتەكرا كە بڕیارە لە دانیشتنی رۆژی پێنج شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بخوێنرێتەوە و تیایدا چەند راسپاردەیەك جێگیر كراوە، یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پێشنیاریكرد كە ئەگەر هەرێم پابەند نەبو بە گەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆ لە بەرامبەردا ئەو بڕە لە پشكی هەرێم ببردرێت، بەڵام ئێمە ئەندامە كوردەكان دژ بوین و وەڵامماندایەوە بەوەی، كە ئێمە دەزانین داهاتی ناوخۆ لە هەرێم گەندەڵی تێدایە، دەزانین كە پارەی داهاتی ناوخۆ ناگەرێتەوە بەڵكو بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمیش "كەمێكی نەبێت" ئەوەی تری ئەڕوات بۆ ئەحزاب، بەڵام بە هیچ جۆرێك قبوڵمان نیە باسی پشكی ئێستای هەرێم بكرێت كە بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و ناكرێت بەغدا رێگەی دیكە شك نەبات و لە هەموو كێشەیەك تەنها پارەی فەرمانبەرانی بەدەستەوە بێت و هەڕەشەی بڕینی بكات، باسی لەوەشكرد، لە ئەنجامدا ئەمجارەش توانیمان كە موچەی فەرمانبەران لە كێشەی داهاتی ناوخۆش لابدەین وەك چۆن لە بودجەی 2019 لە كێشەی نەوت لاماندا، دواجار بە شێوازێك دەقەكە داڕێژرا كە دەست بۆ پشكی هەرێم لە موچەی فەرمانبەران نابرێت".
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ نەوا ئاشكراشیكرد، دەمەوێت رایگشتی خەڵكی كوردستان لەو راستیە ئاگادار بكەمەوە كە ئەگەر هەرێم و بە زویی هەنگاو نەنێت بە ئاراستەیەك كە مامەڵەیەكی شەفاف لەگەڵ داهاتی نەوتی و داهاتی ناوخۆدا بكات دەبێت بزانێت لە ئایندەی نزیكدا ئەو كێشانە یەخەمان دەگرنەوە و ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام نابێت، ئێمە لە داكۆكیكردن لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەردەوام دەبین و سورین لەسەر ئەوەی كە بە جیا مامەڵەی لەگەلدا بكرێت، ئەوەی رێگریمان لێكرد هەرگیز داكۆكی نیە لە چۆنێتی مامەڵە بە داهاتی ناوخۆی هەرێمەوە چونكە دەزانین پڕە لە گەندەڵی بەڵام خەمی موچەی خەڵكمانە كە جارێكی تر نەبڕدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group