هوشیاری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت

02/04/2019

نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی 

ئۆتیزم ئەو نەخۆشیە بۆ ماوەییەی كە منداڵان پێوەی دەناڵێنن و 2ی نیسان بە رۆژی جیهانی هوشیاری ئۆتیزم ناسڕاوە و لە سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی سیمپۆزیۆمێك بۆ ئەو یادە بەرێوەچوو.
رۆژی سێشەمە  بە دروشمی‌ (ئێوە تەنیا نین، ئێمە لەگەڵتانین)، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ بە بەشداری‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و كۆلێجی‌ پەرستاری‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌‌و ڕێكخراوی‌ (Americancorner Sulaimaniyah) بۆنەیەكی‌ فەرمی‌ تایبەت بە ئۆتیزمی سازكرد.
رەحمان علی بەرێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئەمرۆ لێرەدا پەیامی خۆمان دەگەیەنین بە خێزانی ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە پێیان دەڵێین ئێوە تەنیا نین و هوشیاری و رێنمایی سەبارەت بە چۆنێتی هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ ئەو منداڵانەیان پێدەدەین 
وتیشی لەم سەنتەرەی ئێمەدا تەنها توانای لە خۆگرتنی 60 منداڵمان هەیە ، هەندێك لە مناڵەكان توانایان هەیە بگەرێنەوە بۆ قوتابخانە بەڵام جێگایان نابێتەوە ئەمانەش گرفتێكی گەورەن چونكە لە سلێمانی نزیكەی 300 منداڵی ئۆتیزمان هەیە. 
عومەر گوڵپی بەرێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی لە سیمپۆزیۆمەكەدا رایگەیاند، دڵخۆشین لە كۆی 90 منداڵ لە راهێنان كردنیان لە ساڵی یەكەمی كردنەوەی سەنتەرەكە ئێستا گەیشتۆتە 70 منداڵ و رێژەكە زیاتر كەمتر ئەبێتەوە.
هەروەها گوڵپی ئەوەشی وت  ، بەداخەوە لە ساڵی 2013 وە پارەی هاوكاری كۆمەڵایەتی براوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە داواكارم لە كابینەی نوێی حكومەت بە هیچ جۆرێك ئەم كارانە رانەگرن.

دایكی سایە  خانەوادەی منداڵێكی توشبوو بە ئۆتیزمە بە دڵتەنگیەوە باسی گوزەرانی ژیانی منداڵەكەیانی كرد بۆ رادیۆ نەوا وتی ، هەر خێزانێك منداڵی ئۆتیزمی هەبێت گوزەرانی ژیانی زۆر خراپە چونكە هەمیشە هاوار دەكات و جوڵەی زۆرە ئەو شتەی لە عەقڵی خۆیدایە ئەوە جێ بە جێ دەكات .
سەبارەت بە ئەنجامی  راهێنانەكان لەسەر منداڵەكانیان  دایكی سایە وتی ، ئەگەر راهێنان تێیدا بەردەوام بێت لە 100% ئەگەر باش نەبن ئەوا هێمن دەبنەوە و فێری زۆر شت ئەبن بەڵام كێشەیەك هەیە ئەگەر ئەم سەنتەرە پشوی هاوینەیان هەبێت بە تەواوی فێرنابن و سودی لێنابینن چونكە ئەبینین لە نێوان 3 رۆژ گەر رۆژێك نەروات شتەكانی بیر دەچێتەوە 
سایە منداڵێكی 6 ساڵی توش بوو بە ئۆتیزمە رۆژانە 3 كاتژمێر لە سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی راهێنان وەردەگرێت و بەردەوام بۆ داواكردنی هەر شتێك هاوار دەكات و قیژەی منداڵەكان ئامادەبونی چالاكیەكەی رادەچەڵەكان، ئەمەش حاڵی هەموو رۆژێكی ئەم سەنتەرانەیە كە منداڵی ئۆتیزم دەگەرێننەوە بۆ ناو كۆمەڵگا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group