پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی لافاو

13/04/2019 عێراق

 

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێكی پەسەند كرد بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی باران بارین و لافاوەكان و چاككردنەوەی بەنداو و رێگاو بان و پردەكان.
بەهار مەحمود پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە: لە كۆبونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەماندا بڕیارێك دەركرا بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی لافاو و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.
وتیشی :"لەسەر داوای ئێمە ناوی هەرێمی كوردستان خرایە بڕیارەكەوە، بەوپێیەش بڕیارەكە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، كە بەپێی بڕیارەكە لیژنەیەك لە پەرلەمانی عێراق پێكدێت بە سەرۆكایەتی جێگری یەكەم بۆ بەدواداچونی ئەو بڕیارە و بەمنزیكانە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت دەكەین بۆ وردەكاری ئەو بەشەی تایبەتە بە هەرێمی كوردستان".
جێی ئاماژەیە لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتوە؛ لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و نۆ ئەندام پێكدێت بۆ بەدواداچونی كارەكانی شانەی قەیرانەكانی حكومەتی عێراق و تەرخانكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ قەرەبوكردنەوە زیانلێكەوتوەكان و چاككردنەوەی پرد و رێگاوبان و بەنداوەكان لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group