دهۆك.. دووەم كۆڕبەندی ئابوری بەڕێوەدەچێت

14/04/2019

 

بڕیارە لە شاری دهۆك دووەم كۆڕبەندی ئابووری بەڕێوە بچێت، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئەو پارێزگایەش دەڵێ، كێشە و ئاستەنگی بەردەم گەشەی ئابووری چارە دەكەن.
ئەیاد حەسەن، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆك، رایگەیاندووە: "بڕیارە رۆژی دووشەممە 15 ی نیسان دووەم كۆڕبەندی ئابووریی دهۆك بەڕێوە بچێت و تێیدا چەندین چالاكی ئەنجام دەدرێن و ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانیش بەشداری دەكەن، چونكە جگە لە كۆمپانیاكانی پارێزگای دهۆك، ژمارەیەك كۆمپانیای دیكەی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانییش بەشداری لە كۆڕبەندەكەی دهۆكدا دەكەن".
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆك وتیشی: "لە چەندین پانێڵدا ڕەوشی ئابووری و گەشەی ئابووریی ئەمساڵ دەخرێتە ڕوو، هەروەها ئەو كۆسپ و تەگەرانەی دەكەونە بەردەم گەشەی ئابووری و كاری كۆمپانیاكان، باس دەكرێن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە".
ئەیاد حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەمساڵ ئابووریی هەرێمی كوردستان لە هەموو كەرتەكاندا پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە و یەكخستنی پێناسی گومرگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، لەبەر ئەوەش، پێشبینی دەكرێت ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا بگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group