دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پارێزگاری نەینەوا دەكرێتەوە

14/04/2019 عێراق

 

دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا كرایەوە و بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی پارێزگا، 9 مەرج داندراون بۆ هەر كەسێك بیەوێت ركابەرایەتی لەسەر ئەو پۆستە بكات.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە، لە رۆژی دووشەممە 15ی ئەم مانگەوە تاوەكو 24ی ئەم مانگە دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە. 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی پارێزگای نەینەوا لە 15ی ئەم مانگەوە تاوەكو 24ی ئەم مانگە دەكاتەوە تا كۆتایی دەوامی ئەو رۆژە، ئەوەش بەپێی مەرجەكان كە لە ماددەی 25ی یاسای ئاماژە پێكراودا هاتووە. 
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 9 مەرج دانراوە بۆ ئەو كەسانەی بیانەوێت ركابەری لەسەر ئەو پۆستە بكەن، لەوانە ، بەكالۆریۆسی هەبێت و 10 ساڵ خزمەتی كردبێت و تەمەنیشی 30 ساڵ كەمتر نەبێت و خەڵكی پارێزگاكە بێت.
جێی باسە دوای رووداوی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمێكی گەشتیاری لە رووباری دیجلە كە بە هۆیەوە زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا، لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی و كەمتەرخەمی لە كارەكانیان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 24 ی ئاداردا نەوفل عاكوب پارێزگاری نەینەوا و دوو جێگرەكەی لە كارلادا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group