داوا دەكرێت عێراق ببێتە ئەندامی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان

14/04/2019 عێراق

 

ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەران داوا دەكات، كە هەرچی زووترە عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان، دەشلیت، ئەگەر دوای ساڵی 2003 عێراق ببوایەتە ئەندام، ئەوە ئێستا تاوانبارانی شەنگال ڕووبەڕووی دادگایەكی نێودەوڵەتی دەكرانەوە.
یوسرا ڕەجەب، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ساڵیادی ئەنفال رایگەیاند: عێراق و شوێن و پێگەكەی، هێندە گرنگە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی ماوەیەك جارێك هەموو پێكهاتەكانی عێراق بەر شاڵاوی قڕكردن بكەون، هەروەك چۆن لە ساڵی 1988دا شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال و كیمیا باران بەسەر گەلی كورددا هێنران، هەروەها كارەساتی سپایكەر و قڕكردنی خوشك و برا ئێزدییەكانمان لە شەنگال لەلایەن داعشەوە، ئەوانە هەموو هۆكارن بۆ ئەوەی ئێمە ئێستا داوابكەین، كە عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان، چونكە ئەگەر لە ڕابردوودا عێراق ئەندام بووایە لەو دادگایەدا، زۆرینەی تاوان و كۆمەڵكوژییەكان ڕوویان نەدەدا، خۆ ئەگەر ڕووشی بدایە، ئەوە زیانەكەی زۆر كەمتر دەبوو.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەگەر دوای 2003 عێراق ببوایەتە ئەندام لەو دادگایەدا، ئەوا هەموو تاونبارانی قڕكردنی ئێزدییەكان دەدرانە دادگایەكی نێودەوڵەتی، "بۆیە جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە، كە ژیانی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراق لە ئەستۆی حكومەتی عێراقدایە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group