زیاتر له 400 كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رى عیراقى خراونه‌ته لیستى ره‌شه‌وه
15/04/2019 عێراق
نه‌وا
عه‌بدولزه‌هره هنداوى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عیراق ئاشكرایكرد، 426 كۆمپانیا‌و وه‌به‌رهێنه‌ر خراونه‌ته لیستى ره‌شه‌وه‌و 36 هه‌زاریش له‌وه‌زاره‌ت تۆمار كراون.
هنداوى له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رونیكردوه‌ته‌وه، وه‌زاره‌تى پلاندانان 426 كۆمپانیا‌و وه‌به‌رهێنه‌رى عیراقى خستوه‌ته لیستى ره‌شه‌وه، چونكه پابه‌ندنه‌بوون به گرێبه‌سته‌كانیانه‌وه.
وتیشى، دانانى ئه‌و كۆمپانیا‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه له‌لیستى ره‌ش له‌سه‌ر داواى ئه‌و لایه‌نانه بووه، كه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه ئه‌وه‌ش به‌پێى به‌ڵگه‌ى سه‌لمێنراو دانراوه، هه‌روه‌ها دواى كۆتاییهاتنى ماوه‌كانیان 305 كۆمپانیاش له‌لیستى ره‌ش ده‌رهێنراون.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانان باسى له‌وه‌شكردووه، زیاتر له 36 هه‌زار وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیا له‌عیراقدا هه‌ن، كه له‌وه‌زاره‌ت تۆماركراون و به‌پێى پله‌به‌ندى له یه‌كه‌وه تا 10 ریزبه‌ندییان بۆ كراوه، ئه‌وانه‌ى له پله‌ى نایابدان 28 كۆمپانیان، 4 هه‌زار و 690 كۆمپانیاش له پله یه‌كدان.