بۆ 25ەمین جار دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان چوونەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

15/04/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەمەبەستی داواكاری بۆ دامەزراندن، بۆ 25ەمین جار یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان چوونەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بڵاوەیان پێكرا.
ئەمڕۆ ژمارەیەك لە دەرچووە یەكەمەكان بە نوێنەرایەتی ئەو چوار هەزار خوێندكارەی، كە ماوەی سێ خولە دانەمەزراون، خۆپیشاندانیان سازكردو لەوبارەیەوە كاروان عەلی نوێنەری خوێندكارەكان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دەرچووانی ساڵەكانی 2015 تا 2018، كە ژمارەیان زیاتر لە چوار هەزار یەكەمی زانكۆ و پەیمانگەكانە، بۆ 25ەمین جار چونەتەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران و داوای دامەزراندن دەكەن.
وتیشی "پێویستە دامەزراندنی یەكەمەكان بكرێتە یاسا وەك ئەوەی لە حكومەتی عیراق هەیە، تابتوانین پەرە بە توانای خزمەتكردنی كۆمەڵگە بدەین".
هەر لە خۆپیشاندانەكەدا، بەیاننامەیەك لەلایەن كاروان عەلی نوێنەری خوێندكارەكانەوە خوێندرایەوە، كە داواكارییەكانی لەخۆگرتبو و وتی "دامەزراندن بۆ هەندێك كەس و دامەزراوە هەیە، بەڵام بەرانبەر دەرچووەكان دامەزراندن نییە، هەروەها دانەمەزراندنمان دەبێتەهۆی نەهێشتنی كێبڕكێی زانستی لە ناوەندەكانی خوێندنی باڵادا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group