بەهۆی ژنانەوە رەنگە 15 ئەندامی پەرلەمانی عیراق بگۆڕێن

15/04/2019 عێراق

نەوا


حسێن عەقابی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد، ئەگەری هەیە بەهۆی كەیسی كۆتای ژنان كە ئێستا لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایە، 15 ئەندامی پەرلەمانی عیراق بگۆڕدرێن بە ژنان.
عەقابی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، كەیسی كۆتای ژنان بابەتێكی یاساییە بەلای دادگای فیدراڵییەوە و چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی دەكرێت، كە دادگا داوای بۆچوونی شارەزایەكی كردوە و پێیوایە بەهەڵە حسابكردنێك هەیە لە كۆتای ژناندا.
وتیشی، رەخنە لەو بۆچوونە گیرا و دواتر داوا لە سێ شارەزای دیكە كرا بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە بكەن و تائێستاش ئەو كەیسە لەبەردەم دادگادایە، قسەی كۆتایی بۆ دادگای فیدراڵی دەگەڕێتەوە، ئەگەر دادگا لەسەر بۆچوونی شارەزای یەكەم بوو یاخود ئەو سێ شارەزایەی دیكە بۆچونیان وەك شارەزای یەكەم بوو ئەوا گۆڕانكاری گەورە لە پەرلەماندا رودەدات.
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردوەتەوە، ناتوانرێت گۆڕانكاریەكە بەوردی دیاری بكرێت، چونكە پرۆسەكە بیركارییە، بەڵام 10 بۆ 15 پەرلەمانتار دەگۆڕدرێن و لەوانەیە لەو ژمارەیەش زیاتر بێت، بۆیە هیوادارن ئەو كەیسە زوو یەكلایی بكرێتەوە بۆئەوەی بارودۆخی پەرلەمان ئاسایی ببێتەوە و ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group