ئاشنا عەبدوڵڵا: بەدواداچوون بۆ دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران دەكەین

15/04/2019

نەوا-كاروان مەحمود

بەدواداچوون بۆ دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندنكاران دەكرێت و ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "راپۆرتی لیژنەكەمان ئامادەكراوەو چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەین". 
ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران لیژنەكەمان پەیوەندیكردووە بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، هەروەها راپۆرتی خۆمان لەوبارەیەوە ئامادەكردووەو چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەت دەكەین.
باسی لەوەشكرد، راستە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەرماڵەی خوێندكاران راگیرابوو بەڵام ئێستا دۆخەكە باشتر بووەو پێویستە دەستبكرێتەوە بە خەرجكردنی دەرماڵەكەو، بۆ ئەوەش داوای زانیاریمان لەسەر ژمارەی خوێندكاران كردووەو بزانین چۆنێتی خەرجكردنەوەی دەرماڵەكە چۆن دەبێت و بەدواداچوونەكانیشمان لەوبارەیەوە بەردەوام دەبێت.  
سەبارەت بە گۆڕانكاری لە بڕی ئەو دەرماڵەی دەدرێتە خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان، ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان وتی: "لە ئێستادا هەوڵەكەمان بۆ ئەوەیە دەست بەدابەشكردنی دەرماڵەكە بكرێتەوە، دواتر ئەگەر ئاشكرابوو توانای زیادكردنی دەرماڵەكە هەیە بەتایبەت بۆ ئەوانەی لە بەشە ناوخۆییەكانن، بێگومان كاری جدی لەسەر دەكەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group