رێكەوت زەكی: 40 ملیار دینار لە بودجەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی كەمكراوەتەوە

15/04/2019

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لەوەدەكات لە كاتێكدا پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر دەست بە جێبەجێ كردنی كراوە، بەڵام لەو بودجە تەرخانكراوەی بۆ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانرابوو، 40 ملیار دیناری كەمكراوەتەوە، ئۆباڵی ئەوەش دەخاتە ئەستۆی ئەو بەرپرسانەی شارەكە كە بڕیاری خەرجكردنی پارەیان بەدەستە لە حكومەتی هەرێم.
لە نوسینێكدا  كە بە ناونیشانی "بەڵی 40 ملیار دیناری جادە 100 مەتریەكەمان لافاوەكەی بردی" لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردۆتەوە، رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەكردووە:  هەرچەندە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا وەزارەتی پلاندانان بڕی 90 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی تەرخان كردبوو، بەڵام پارەكە كەمكراوەتەوە بۆ 50 ملیار دینار لەمساڵدا.
راشیگەیاندووە: ئەوەش لە كاتێكدایە كە دوای تەواوكردنی شەقامی 120 مەتری لە هەولێر، دەستكراوە بە دروستكردنی شەقامی 150 مەتری و "هێشتا سلێمانی لە 60 یدایە و 100 یەكیشی ئاوایە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئاماژەدان بەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی پێویستیان لە داهاتی پارێزگاكە، ئۆباڵی ئەو كەمتەرخەمیەی بە پلەی یەكەم خستوەتە ئەستۆی نوێنەرە بڕیاربەدەستەكانی سلێمانی كە بڕیاری خەرجكردنی پارەیان بەدەستە لە حكومەتی هەرێم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group