"دواكەوتنی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان پەیوەندی بە یەكێتییەوە نییە"

15/04/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، داوكەوتنی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان پەیوەندی بە یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە نییە، پەرلەمانتارێكی پارتیش لە لیژنەی یاسایی دەڵێت: "بەدوری دەزانم تا رێككەوتنی لایەنەكان دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت". 
خەدیجە عومەر پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، گفتوگۆو دانوستاندنەكانی لایەنەكان بەشێكن لەو هەوڵابەردەوامانەی بۆ كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی دەدرێن و سەرجەم رێكارە یاساییەكانیش كۆتایی هاتووە بۆ خوێندنەوەی سێهەمی هەمواری یاساكەو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام چاوەڕوانی رێككەوتنی سیاسی دەكرێت لەوبارەیەوە.
خەدیجە عومەر پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بەدوری دەزانێت تاوەكو لایەنەكان نەگەنە رێككەوتن دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و خوێندنەوەی سێهەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت و دەنگدان لەسەر كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بكرێت.
لەلایەكی دیكەوە عەباس فەتاح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سەوز و جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەبوو دوای هەفتەیەك خوێندنەوە سێیەمی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و دەنگدان لەوبارەیەوە بكرایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رەهەندی یاسایی و سیاسی هەیە پێویستی بە یەك دەنگی لایەنەكان هەیەو ناكرێت یاسایەك بەكاردەخرێتەوە یاخود هەموار دەكرێتەوە بەشێكی گرنگی لایەنەكان دەنگی پێنەدەن.
وتیشی: "دواكەوتنی وادەكەی دەكەوێتە لای دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی یەكێتیش پرسی بەشداریكردن و بەشداری نەكردنی لەدانیشتنی پەرلەمانی كوردستان وابەستەیە بەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كردوویەتی، پرسی دواخستنەكەش رەنگە بۆ ئەوەبێت لایەنەكان كۆدەنگییەكی نیشتمانی دروستبكەن و هەموان دەنگ بەشداربن لەم پرسە گرنگە".
سەبارەت بە بەشداریكردنی فراكسیۆنی سەوز لەدانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و كاراكردنەوەی لە ئەگەری دواكەوتنی واژووكردنی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی، عەباس فەتاح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سەوز و جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی بۆ رادیۆ نەوا وتی: "سەرجەم فراكسیۆنەكان چاوەڕوانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكەن تاوەكو بزانرێت چ وادەیەك دیاریدەكرێت، بێگومان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش وادەیەك دیاریدەكات كە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و لە ئێستاشدا سەرجەم لایەنەكان لێكنزیكبوونەوەیان هەیەو رەنگە چەند رێگرییەكی زۆر كەم مابێت ئەوەش پێیدەچێت تێپەڕێنرێت".
راشیگەیاند، "واباشترە لە پێناوی بەرژوەندی گشتی و هەم لە پێناوی حكومەتی ئارامی و خزمەتگوزاری زیاتر بێت بۆ هاووڵاتیان هەموولایەنەكان بگەنە رێككەوتن"، باسی لەوەشكرد، یەكێتی هیچ بڕیارێكی نەداوە كە فراكسیۆنەكەی بەشداری دانیشتنەكە دەكات یاخود نا، دواكەوتنی دانیشتنەكەش پەیوەندی بە یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە نییە، چونكە یەكێتی و پارتی گەیشتوونەتە رێككەوتن و رەنگە كێشە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەبێت ئەوەش چارەسەر دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group