پشكی عێراق بۆ حەجی ئەمساڵ زیادكرا

19/04/2019 عێراق

 

ژمارەی حاجیان عێراق بۆ سەفەری ئەمساڵی حەج بەرزبووەتەوە بۆ 50 هەزار كەس و چاوەڕواندەكرێت پشكی هەرێمیش زیاد بكات.
نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پشكی حاجیانی عێراق بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ زیادكراوە بۆ 50 هەزار كەس، دوای ئەوەی بۆ چەند دەیەیەك دەچێت وەك پێویست گرنگی نەدراوە بە پشكی عێراق.
پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی حەجی سعودیە كردبوو، ڕێژەی بەشداریی حاجیانی عێراق بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ زیاتر بكات و بەشێوەیەكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ داواكەی عێراقدا بكرێت.
بۆ فەریزەی حەجی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی سعودیە بڕی 33 هەزار و 690 كورسی بۆ هاووڵاتیانی عێراق دابینكردبوو، لەو ژمارەیەش لە 15%ی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و 550 كورسیشی بۆ كەسوكاری زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی دەستی تیرۆر و حەشدی شەعبی و ئەو كەسانە بوو كە لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە لە سێدارە دراوون.
ژمارەی حاجیانی ساڵی ڕابردووی ھەرێم 5 هەزار و 469 كەس بوو، لەگەل زیادبوونی ژمارەی حاجیانی عێراق، چاوەڕوان دەكرێت پشكی هەرێمیش زیاتر بكرێت لە چاو ساڵانی ڕابردوودا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group