سریلانكا.. ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكان گەیشتە 207 كوژراو و 450 بریندار

21/04/2019 جیهان

نەوا
روان فیجواریدینا وەزیری بەرگریی سریلانكا ئاشكرایكرد، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكانی ئەمڕۆ گەیشتوەتە 207 كوژراو و 450 بریندار، بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەو پەلامارانەش، 7 كەس دەستگیركراون.
روان فیجواریدینا بەدەزگاكانی راگەیاندنی وڵاتەكەی وتوە، ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكانی ئەمڕۆی سریلانكا، كە كڵێسا و هۆتێلەكانیان كردبوە ئامانج، گەیشتوەتە 207 كوژراو و 450 بریندار.
ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەكانی پۆلیس توانیویانە ئەنجامدەرانی هێرشەكان دیاری بكەن و 7 كەس بەو تۆمەتە دەستگیركراون و هێرشەكانیش تیرۆریستی بون.
وەزیری بەرگریی سریلانكا ئاشكراشیكردوە، لەكاتی هەڵكوتانەسەر ماڵێك لەكاتی پشكنین و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا، سێ ئەندامی سوپا لە روبەڕوبونەوەدا كوژراون.
دوای روداوەكان، حكومەتی سریلانكا باری نائاسایی لەسەرانسەری وڵاتدا راگەیاند و سەرجەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هۆكارەكانی پەیوەندی بلۆك كردوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group